رووداو دیجیتاڵ
لە شەوێکی تایبەتی چامپیۆنزلیگدا، هەمووان چاوەڕێی یارییەک دەکەن، ماندووبوون تێیدا دەگاتە لووتکە و رکابەرییەکەش لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەبێت.
ئەو یارییە، رووبەڕووبوونەوەی دوو یانەی گەورە و نێوداری ئەورووپایە، رکابەریی نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و بارسێلۆنای ئیسپانی.
یارییەکە کاژێر 22:00 لە پاریس بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ بۆ یەکدی ئاشنان و پێشتر چەندینجار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، جگە لەوەش هەردوولا خاوەنی ئەستێرەی نێودارن و هاندەران چاوەڕێی دەرکەوتنیان دەکەن لەم یارییەدا.
ئامارەکانی پێش یاریی پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا
یانەی پاریس سانجێرمان، لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 2 یاریی ئەنجامداوە، هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە، تیپەکە لە گەڕی یەکەمدا شەش گۆڵی لە سلۆڤان براتیسلاڤا کرد و لە دووەم یارییدا بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە مانچێستەر سیتیی بردەوە.
پاریس سانجێرمان 10 گۆڵی لە دوو یارییدا تۆمارکردووە و خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە، 3 گۆڵی لەو دوو یارییەدا لێکراوە.
لەو 10 گۆڵەی پاریس سانجێرمان لەم وەرزەدا تۆماریکردوون، 4 گۆڵی بە قاچی راست بووە، 3 گۆڵی بە قاچی چەپ تۆمارکراوە و 2 گۆڵی بەلێدانی سەر بووە، کەواتە تیپە توانای تۆمارکردنی بە شێوەی جیاواز هەیە.
جگە لەوەش 7 گۆڵی لەنێو ناوچەی سزا تۆمارکردووە و 3 گۆڵی لە دەرەوەی ناوچەی سزا بووە.
بارسێلۆنا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، هاوشێوەی پاریس سانجێرمان هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە، لە یاریی یەکەمدا فاینۆردی هۆڵەندیی گۆڵبارانکرد و 5 گۆڵی تۆمارکرد، لە یاریی دووەمیدا بەرامبەر گاڵاتەسەرای تورکی 4 گۆڵی دیکەی تۆمارکرد و بە دوو یاریی تیپەکە 9 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 گۆڵی لێکراوە.
یاریزانانی بارسا، سێ گۆڵیان قاچی راست تۆمارکردووە و 4 گۆڵیان بە قاچی چەپ بووە، دوو گۆڵی بەلێدانی سەر تۆمارکردووە، کەواتە ئەوانیش دەتوانن بەشێوە و رێگای جیاواز گۆڵ تۆماربکەن.
بارسێلۆنا هاوشێوەی پاریس سانجێرمان لەنێو ناوچەی سزا مەترسیدارترە، 7 گۆڵی لەنێو ناوچەی سزا تۆمارکردووە و 2 گۆڵی لە دەرەوەی ناوچەی سزا بووە.
لەڕووی بەرگرییەوە هەردوو یانە تاوەکو ئێستا هیچ کلین شیتیان نییە و هەردوولا گۆڵیان لێکراوە.
لەو دوو یارییەی رابردوودا پاریس سانجێرمان لەڕووی مەترسییەوە لە هەموو یانەکانی دیکە مەترسیدارتر بووە، بەشێوەیەکی گشتی 23 لێدانی بۆ گۆڵ هەبووە، لە بەرامبەردا بارسێلۆنا 19 لێدانی بۆ گۆڵی رکابەرەکانی هەبووە.
دوو یاریزان لە یارییەکە چاوی زۆریان لەسەر دەبێت، عوسمان دێمبێلێ لە پاریس سانجێرمان و لامین یامال لە یانەی بارسێلۆنا.
دێمبێلێ لە 42 یارییدا لە چامپیۆنزلیگدا بەدرێسی پاریس سانجێرمانەوە، 33 جار بەشداریی لە گۆڵدا کردووە، لەگەڵ ئەوەی رەخنە لە ئاستی دەگیرێت، بەڵام هێشتا یاریزانێکی مەترسیدارە، لە یاریی رابردووی یانەکەدا گۆڵێکی تۆمارکردووە و گۆڵێکی دروستکردووە.
لامین یامال، ئەستێرەیەکی لاو و درەوشاوەی بارسێلۆنایە، یاریزانەکە لەم وەرزەدا 10 یاریی ئەنجامداوە، بەشداریی لە 17 گۆڵدا کردووە، لە دوو یاریی چامپیۆنزلیگدا گۆڵێکی تۆمارکردووە و چوار گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا، 16 جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، دووبارەبوونەوەی یاریی نێوان هەردوو یانە بووەتە هۆکاری ئەوەی وەکو یارییەکی کلاسیکۆی ئەورووپا هەژماربکرێت.
لەو 16 یارییەدا، هەریەکەیان 6 یاریی بردووەتەوە، 4 یاریی نێوان هەردوولا بەیەکسانبوون تەواو بووە، پاریسییەکان 29 گۆڵیان تۆمارکردووە، بلاوگرانا بەهەمان شێوە 29 گۆڵیان کردووە و لە هەموو شتێکدا یەکسانن.
وەرزی رابردوو لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو تیپ بەرامبەر یەکدی یارییانکرد و پاریس سانجێرمان یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
لەو یاریزانانەی ئێستا لە هەردوو تیپدا یاریی دەکەن، رافینیا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی بارسێلۆنا، گۆڵکاری رووبەڕووبوونەوەکەیە و سێ گۆڵی بەرامبەر پاریس سانجێرمان تۆمارکردووە.
ئەم یارییە بۆ فێران تۆرێس، هێرشبەری ئیسپانی تایبەت دەبێت، لە هاوینی ئەمساڵ لە یانەی بارسێلۆنا چووە پاریس سانجێرمان و بەرامبەر هاوڕێکانی پێشووی یاریی دەکات.



