رووداو دیجیتاڵ
سێرجیۆ کارانزا، بەرپرسی مۆنتاژی لالیگا، مشتومڕێکی نوێی لەبارەی ناوبژیوان و پەخشی تەلەڤزیۆنییەوە دروستکرد، دوای ئەوەی دانی بەوەدانا کە تیمی بەرهەمهێنان بڕیاریدا دووبارەکردنەوەی لێدانی ئاردا گولەر بە ئانیشکی لە پیکێ فێرناندێز لە کاتی یارییەکەی ریال مەدرید و سێڤییا نیشان نەدات. ئەمەش پرسیاری لەسەر ئەو پێوەرانە دروستکردووە کە بۆ هەڵبژاردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بۆ خەڵک پیشان دەدرێن دروستکردووە.
لە قسەکانیدا کە بۆ رادیۆی COPE کردنی، کارانزا دان بە بوونی وێنەی ئەو رووداوە مشتومڕاوییەدا نا، بەڵام پشتڕاستیکردەوە کە بڕیارەکە لەو ساتەدا ئەوە نەبووە کە پیشانیان بدرێت، ئەمەش پاساو دەهێنێتەوە بە ئاماژەدان بەو ستانداردانەی کە تیمی بەرهەمهێنان بەکاریدەهێنن لەکاتی بەڕێوەبردنی پەخشە راستەوخۆکاندا.
کارانزا جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری دووبارە نەکردنەوەی رووداوەکە بڕیارێکی هونەرییە، کە لەلایەن تیمی بەرهەمهێنانەوە دراوە، رەتیکردەوە هیچ گوشارێک یان رێنمایی پێشوەختە هەبێت سەبارەت بەوەی کە کام رووداو پیشان بدرێت یان پشتگوێ بخرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارێکی تەواو هونەری بوو لەلایەن یەکەی دووبارەکردنەوەی یارییەکەوە و گوتی "ئەوەی دەمەوێت جەختی لەسەربکەمەوە ئەوەیە کە ئێمە بەبێ هیچ گوشارێک کاردەکەین، و دەتوانین ئەو بڕیارانە بدەین کە بە گونجاو دەزانین. هیچ رێنماییەک نییە بۆ پیشاندانی هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی یان نیشاننەدانیان".
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان جەختی لەوە کردەوە کە پەخشکاران پێویستە پارێزگاری لە پیشەیی بوونی خۆیان بکەن سەرەڕای پەیوەندییە وەرزشییەکانیان و دەشڵێت "رەنگە هەموو کەسێک پاڵپشتی تیپێک بکات، بەڵام دەبێت لە کاتی کارەکەیاندا بێلایەن بن".
سەبارەت بەئەگەری ئەو فاوڵەی پێش یەکێک لە گۆڵەکانی کیلیان ئێمباپێ، کارانزا روونیکردەوە کە بڕیاری دووبارەکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان و هەڵبژاردنی گۆشە گونجاوەکان لە ئەستۆی تیمی بەرهەمهێناندایە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشینە رێزگرتنە لە پەخشی راستەوخۆ و کەمکردنەوەی ژمارەی دووبارەکردنەوەکان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە بەردەوام بوو دوای ئەوەی ناوبژیوان بڕیاریدا رێگە بە بەردەوامبوونی یارییەکە بدات، دواتر گۆڵەکە تۆمارکرا. روونیشی کردەوە، ئەگەر ڤار دەستوەردانی بکردایە و یارییەکەی راگرتبا بۆ پێداچوونەوە بە گرتە ڤیدیۆییەکان، تیمی بەرهەمهێنان پیشانی دەدا و بەدوای گۆشە گونجاوەکاندا دەگەڕان.


