رووداو دیجیتاڵ
گورزێکی گەورە بەر یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کەوت و خڤیچا کڤاراتسخێلیا، ئەستێرەی جۆرجی و یانەکە تووشی پێکانێکی قورس بوو و ئەم وەرزە بۆ یاریزانەکە کۆتاییهات.
یانەی پاریس سانجێرمان لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا، تووشی دڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی راستی بوو، خڤیچا کڤاراتسخێلیا، لە چەند رۆژی داهاتوودا نەشتەرگەریی بۆ دەکریت.
یانەکە دەڵێت "عوسمان دێمبێلێ، لە یارییەکەدا لە رانیدا تووشی پێکانبووە و چەند هەفتەیەک لەژێر چاودێریی پزیشکدا دەمێنێتەوە."
پاریس لە راگەیێنراوەکەیدا ئاماژەی بە پێکانەکەی مارکینیۆس کردووە و نووسیوویەتی "مارکینیۆس لە رانی راستیدا تووشی پێکانبووە و چەند هەفتەیەک لەژێر چاودێری پزیشکدا دەمێنێتەوە."
هەرچەند یانە فەرەنسییەکە ماوەی دوورکەوتنەوەی خڤیچا کڤاراتسخێلیای رانەگەیاندووە، بەڵام هەموو سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ کۆتاییهاتنی وەرز بۆ ئەو یاریزانە دەکەن، بەتایبەت کە چاکبوونەوەی یاریزانان دوای پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی، 6 تاوەکو 9 مانگی پێویستە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگاکان و چاکبوونەوە لە پێکان.
کڤارا یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی پاریس سانجێرمانە، بە پێکانی ئەو یاریزانە پلانەکانی لویس ئێنریکێ لەڕووی هێرشبەرییەوە تووشی کێشەی گەورە دەبن.




