رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی لووتکە و سەرنجراکێشی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو یانەی بایرن میونشن و ئارسیناڵ بە دوو ئامانجی جیاواز رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بایرن دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و گانەرز چاوی لە سەرکەوتنی سێیەمە.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، کاژێر 22:00 لە یاریگای ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت، بایرن میونشن لەنێو هاندەرانیدا دەیەوێت دووەم بردنەوە لە چامپیۆنزلیگدا تۆماربکات، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا لە یانەی بۆدۆ گلیمتی بردەوە و لە یاریی دووەمدا بەرامبەر ڤایکینگ یەکسانبوو.
لە ریزەکانی یانە باڤارییەکە، میشێل ئۆلیسێ، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا یاریی ناکات، جەمال موسیالا پێکانی هەیە و یارییکردنی مانوێل نۆیەریش بەتەواوی دیارنییە.
میدیای ئەڵمانیا دەڵێت "جۆشوا کێمیچ کەسێکی نێو ماڵباتەکەی کۆچی دواییکردووە و ئەویش ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات."
یانەی ئارسیناڵ، دوای دوو بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر هەردوو یانەی ناپۆلی و لیل، ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بردنەوەیەکی دیکەی دەوێت.
لە پێکهاتەی میکێل ئارتێتا، هەریەکە لە کریستۆس تزۆلیز و پیێرۆ هینکاپێ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
هەردوو یانەی بایرن میونشن و ئارسیناڵ، مێژووییەکی گەورەیان بەرامبەر یەکدی هەیە و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، یارییەکە هاوشێوەی یارییەکی کلاسیکۆیە لە چامپیۆنزلیگدا.




