رووداو دیجیتاڵ
لویس ڤان خالی راهێنەری بەناوودەنگی هۆڵەندی، رەخنەی تووندی لە یوفا گرتووە و دەڵێ، سیستمی نوێی چامپیۆنزلیگ کە پشت بەیەک کۆمەڵە دەبەستێت، گەندەڵە.
راهێنەرەکەی پێشووی بایرن میونشن، بارسێلۆنا، مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لە لێدوانێکدا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی چامپیۆنزلیگ دەربڕیوە و دەڵێ یوفا تەنیا بیر لە قازانجی خۆی دەکاتەوە.
ڤان خال هەروەها دەڵێ، "یوفا تەنیا بیر لە پارە دەکاتەوە، نەک تۆپی پێ. جیهانێکی گەندەڵیان دروستکردووە".
لەماوەی دوو وەرزی رابردوودا، یوفا سیستمی پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەی گۆڕی و قۆناخی یەکەمی کرد بە یەک کۆمەڵە کە سەرجەم 36 یانەی بەشدار لە خۆ دەگرێت، بەوەش ژمارەی یاریی هەر یانەیەک لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا، لە شەش یارییەوە بۆ هەشت یاریی زیادیکردووە.
راهێنەرە هۆڵەندییەکە پێیوایە ئەوە هەڵەیە، چونکە زیادبوونی ژمارەی یارییەکان، دەبێتە هۆکاری زیاتری زۆربوونی گۆڵەکان، ئەوەش بەهۆی ناهاوسەنگیی ئاستی تیپەکان، ئەو دەڵێ، "ئەوە پێی دەڵێن چامپیۆنزلیگ وایە؟ دەبێ باشترین تیپەکان بەشداری تێدا بکەن، بەڵام بەو شێوەیە، جیاوازیی ئاست کەمدەبێتەوە، بەوەش گۆڵ زیاتر دەکرێت"،
کێشەیەکی دیکەی هەمان سیستم، وەکئەوەی ڤان خال باسیدەکات، پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەی یارییەکانەوە هەیە، ئەو دەڵێ، ئەوە گوشاری زۆر دەخاتە سەر یاریزانەکان، "یاری زیاتر دەبێت، بەوەش پێکان زیاتر دەبێت".
لە دوو وەرزی رابردوودا کە سیستمی نوێی پاڵەوانێتییەکە پەیڕەوکراوە، یانەی پاریس سانجێرمان، هەردوو وەرزەکە، نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە.




