رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت و دەیەوێت لە رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیا بەردەوامبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 19:00 یانەی ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی نۆیەمی سوپەرلیگ، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی سامسون سپۆر یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لە خولەکەدا تۆماربکات.
دوای بردنەوەی یاریی رابردوویان لە کۆنیاسپۆر، یانەکە ئامادەکارییەکی باشی کردووە و دەیەوێت سوود لە خراپیی دۆخی تیپی بەرامبەر وەربگرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت و ژمارەی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە.
کەسک و سوور لە شەش یاریی رابردوودا نەدۆڕاوە، تیپەکە تاوەکو ئێستا لە 8 یارییدا تەنیا یەکجار دۆڕاوە و رکابەریی سەرەکی یانەی گاڵاتەسەرایە بۆ وەرگرتنی پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیا.
ئامەدسپۆر بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە سامسون تیپەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەکە ئامادەیە، بەڵام هاندەرانی یانەکە نەچوونەتە ئەو شارە و کەمترین هاندەری ئامەدسپۆر لە یاریگا دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە.
ئامەدسپۆر ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی تورکیایە و خاوەنی 17 خاڵە، تەنیا دوو خاڵ لە گاڵاتەسەرای خاوەنی پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.
سامسون سپۆر لەم وەرزەدا شەش یاریی دۆڕاندووە، تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و جارێک یەکسانبووە، بەڵام لە یاریگای خۆیدا یاریی دەکات، بۆیە ئەرکی ئامەدسپۆر لە یارییەکەدا ئاسان نییە.




