رووداو دیجیتاڵ
خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگا، سوورە لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ بەرپرسانی چین و هەوڵدان بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی چینییەکان.
چینییەکان لەوە تووڕەبوون کە کیلیان ئێمباپێ لە ڤیدیۆیەکدا گاڵتە بە ماو تسی تۆنگی سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتە دەکات، هەروەها ئەو بە دیکتاتۆرێکی چینی ناودەبات.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەی ئێمباپێ، چەندین کۆمپانیای چینی کە گرێبەستی رێکلامیان لەگەڵ ئێمباپێ هەبوو، گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە.
وەک سەرچاوەکان گوتوویانە، بەهۆی هەڵوەشاندەوەی گرێبەستی رێکلامکردن لەگەڵ کیلیان، ئەو یاریزانە لە 7 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە بێبەش دەبێت.
هەنگاوە تووڕەکانی چینییەکان بەرامبەر ئێمباپێ، هەر بەرامبەر خۆی نەبوون، بەڵکو تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین کە یارییەکانی لالیگای دەگواستەوە، رایگەیاند پەخشی یارییەکانی لالیگا رادەگرێت.
حکومەتی چین بڕیاریداوە بەتووندی بەگژ لێدوانەکانی کیلیاندا بچێتەوە، ئەگەرچی ئەو یاریزانە بەفەرمی داوای لێبوردنی لە چنییەکان کرد.
هاوکات، تێباس، وێڕای داوای لێبوردن لە چینییەکان بەهۆی قسەکانی ئێمباپێوە، هەنگاوێکی دیکەی ناوە لەپێناو سنووردارکردنی پەرچەکردارەکانی چین.
هەنگاوەکانی تێباس بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، تەنیا بەوەوە نەوەستان کە داوای لێبوردن بکات، بەڵکو سەرۆکی لالیگا لە پۆستێکدا لە 'ئێکس' رایگەیاندووە لەگەڵ باڵیۆزی چین لە ئیسپانیا کۆبووەتەوە، باسیان لە تەنگژەی هەڵایساو لەگەڵ ئێمباپێ کردووە.
تێباس دەڵێ، باسمان لە تێپەڕاندنی رووداوەکە کرد. لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لالیگا هاوئاهەنگییەکی پتەوی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی چین و دەستەکانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، تەلەڤیزیۆنەکان و کۆمپانیاکانی پەخش هەبوو، ئەمە جیا لە هاوبەشیکردن لە پەرەپێدانی تۆپی پێی چین، لەلایەن لالیگاوە.
تێباس هیوای خواستەوە هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ چین بەردەوام بێت، بەتایبەت رێکەوتنی ستراتیجی لەگەڵ خولی تۆپی پێی چین، کە تاوەکو 2029 درێژ دەبێتەوە، ئەمە جیا لە پڕۆژەی دیکەی هاوبەش.
سەرۆکی لالیگا هەروەها دەڵێ، ئەم پەیوەندییە بەتینە، لەسەر بنەمای رێز و متمانە و هاوکاری بونیادنراوە، دەبێ پارێزگاریی لێبکەین و ئەو رووداوە دوور لە رێکەوتنەکانمان، هیچ کاریگەرییەکی لەسەری نەبێت.
تێباس هەروەها دەڵێ، چین هاوبەشێکی ستراتیجیی لالیگایە و هەموو کات هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.



