رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی دوانزەهەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی گەرەمە لە دوایین خولەکدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی دهۆکی بردەوە و پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی بەهێزترکرد، یانەی هەولێریش لەنێو یاریگای خۆیدا بە گۆڵێک لەگەڵ گازی باکوور یەکسانبوو.
لە یاریی یەکەمدا کە رۆژی 30ـی مانگی 10ـی 2026 لەسەر یاریگای جۆلان بەڕێوەچوو، یانەی دهۆک بووە میوانی یانەی گەرەمە؛ یارییەکە تاوەکو ساتەکانی کۆتایی بەبێ گۆڵ مایەوە، بەڵام لە خولەکی 90 مەروان حەمدی توانی گۆڵی بردنەوە بۆ گەرەمە تۆماربکات و سێ خاڵی بەنرخ بە یانەکەی ببەخشێت، بەمەش دهۆک بە 0-1 یاریگای جۆلانی جێهێشت.
لە لایەکی دیکەوە لە شاری هەولێر و لەسەر یاریگای فرانسۆ هەریری هەولێر پێشوازی لە یانەی گازی باکوور کرد. ئیبراهیم بایش لە خولەکی 27 گۆڵی پێشکەوتنی بە لێدانی سزا بۆ هەولێر تۆمارکرد و لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا، بەڵام خۆشیی زەردپۆشەکان زۆری نەخایاند و لە خولەکی 32 یوسف محەممەد گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەی میوان هێنایە بەرهەم، یارییەکەش بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
بەم ئەنجامانە، یانەی گەرەمە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 27 خاڵ و لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا مایەوە، هەروەها یانەی هەولێر بە 19 خاڵ لە پلەی شەشەم جێگیر بوو، یانەی دهۆک بە 15 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت و گازی باکووریش بە 15 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبینرێت.



