رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر، خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە لە خولی تۆپی پێی تورکیا و زۆرترین گۆڵی لەم وەرزەدا تۆمارکردووە.
ئامەدسپۆر لە گەڕی دەیەمی سوپەرلیگ، 5 گۆڵی بەرامبەر یانەی ئەیوپ سپۆر تۆمارکرد، سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا، بووە خاوەنی 7 بردنەوە لەم وەرزەی خولەکەدا.
یانەکەی باکووری کوردستان، لەم وەرزەی سوپەرلیگدا، دوو جار 5 گۆڵی تۆمارکردووە، جارێک بەرامبەر باشاکشەهیر، جارێکیش بەرامبەر ئەیوپ سپۆر.
کەسک و سوور لە خولەکەدا 25 گۆڵی تۆمارکردووە، بە رێژەی 2.5 گۆڵ بۆ هەر یارییەک.
جگە لەوەش تیپەکە لە 3 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە، ئێستا تیپەکە لە باشترین یانەکانی ئەم وەرزەی خولی سوپەرلیگی تورکیایە.
یاریی داهاتووی ئامەدسپۆر، رۆژی شەممەیە، کاتێک کاژێر 19:00 لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە ئیستەنبووڵ دەبێتە میوانی یانەی گاڵاتەسەرای.
ئامەدسپۆر لەگەڵ ئەوەی ئەم وەرزە بەشداری لە سوپەرلیگدا کردووە، بەڵام بە ئاستبەرزی و ئەنجامە باشەکانی هەمووانی سەرسامکردووە، تیپەکە لە دوای ئەنجامدانی 10 یاریی 7 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە و تەنیا یەکجار دۆڕاوە، ئێستا کەسک و سوور لە پلەی دووەمی ریزبەندی سوپەرلیگ خاوەنی 23 خاڵە.




