رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید، بەشێوەیەکی فەرمی رافایێل نادالی وەکو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یانەکە راگەیاند.
یانەی ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دەستەی بەڕێوبەری یانەی ریال مەدرید لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بڕیارییدا بە پەسەندکردنی رافایێل نادال بارێرا، کە ئەندامی ژمارە 67778ـی یانەکەیە وەکو ئەندامێکی نوێی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی"
ریال مەدرید دەڵێت "رافایێل نادال، ئەندامی شانازیی یانەی ریال مەدریدە، یەکێکە لە مەزنترین ئەستێرەکانی مێژووی وەرزش یەکێکە لەو وەرزشڤانە ئیسپانیانەی هەرە خۆشەویست و ناسراوەکان لەسەر ئاستی جیهان."
بۆ ریال مەدرید و سەرجەم هاندەرانی یانەکە، جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە کەسایەتییەکی خاوەن قەبارەی وەرزشی و مرۆیی وەکو ئەو، کە پێشەنگێکی وەرزشی ئیسپانیا و جیهانە، ببێتە بەشێک لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئێمە و لەو بەرپرسیارەتییەوە بەشداری لە ئێستا و داهاتووی یانەکەماندا دەکات، ئەمە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەی لۆس بلانکۆسە.
رافایێل نادال بە مێژووی پڕ لە دەستکەوت و سەرنجڕاکێشی خۆی کە پێکهاتووە لە 92 نازناوی تاکەکەسی، لەوانە 22 پاڵەوانێتیی گەورەی گراند سڵام، 2 مەدالیای زێڕی ئۆڵیمپی، 5 جامی دەیڤیس لەگەڵ ئیسپانیادا، بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ریزبەندی جیهانی، مێژوویەکی وەرزشی ئەفسانەیی تۆمارکردووە. بەڵام پێگەکەی شتێکی زۆر زیاتر لە سەرکەوتنەکانی دەنوێنێت؛ بەهرە، رۆحی بەردەوامی لەخۆبردوویی، توانای قوربانیدان، کێبرکێکاربوون، سادەیی، رێزگرتن لە رکابەران و هاوڕێکان و پابەندبوونی مرۆیی، ئەوی کردووەتە نموونەیەکی بەرز لە ناوەوە و دەرەوەی گۆڕەپانەکاندا.
ئەم بەهایانە هەموویان بەشێکن لە ناسنامەی یانەی ریال مەدرید و رافایێل نادال لە درێژایی ژماری وەرزشی خۆیدا نوێنەرایەتی کردوون و بەرگری لێکردوون، بەمەش بووەتە پێشەنگێک بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا.




