رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی و گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکان، وازهێنانی خۆی لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی راگەیاند.
رۆناڵدۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، هەواڵی وازهێنانی خۆی راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە ئیدی درێسی ژمارە 7ی هەڵبژاردەی پۆرتوگال ناپۆشێتەوە، بەڵام هەر بە هاندەر و پشتگیریکاری هەمووان، لە هەڵبژاردەکە دەمێنێتەوە.
رۆناڵدۆ لە بەشێکی پەیامەکەیدا، دەڵێ، "ئەو رۆژە هات کە درێسی ژمارە 7ی هەڵبژاردەکەمان رادەست بکەمەوە. هەرگیز هەستم نەکردووە تەنیا هی من بێت، بەڵام بۆ ماوەی 23 ساڵ، شانازبووم و بەرپرسیارێتی پۆشینی ئەوم لە ئەستۆ گرت".
گۆڵکاری مێژووی پۆرتوگال هەروەها دەڵێ، "بڕیارێکی ئاسان نەبوو، چونکە هەندێک بڕیار هەن تەنیا بە مێشک نادرێن، بەڵکو بە دڵیش دەدرێن".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە خاوەنی دوو نازناوی نەیشنسلیگ و نازناوێکی یۆرۆیە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ، "کاتێک ئاوڕ لە هەموو شتێک دەدەمەوە، کە لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئەزموونم کردووە، تەنیا یارییەکان نابینم، گۆڵەکان، ژمارە پێوانەییەکان، یان نازناوەکان، من دەبینم، ئەو پۆرتوگالییانە دەبینم کە لە دەرەوەن، کە بۆ ماوەی نەوەد خولەک، هەستیان بە نزیکبوونەوە لە نیشتمان دەکرد".
رۆناڵدۆ کە 23 ساڵ درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی پۆشی و بەشداری لە شەش مۆندیالدا کرد، دەڵێ، "لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، هەمیشە سنوورەکانی خۆمم تێپەڕاندووە، دەمویست ببەمەوە، دەمویست باشتر بم، دەمویست مێژوو دروست بکەم، هەمیشە زۆرترین داواکاریم لە خۆم هەبوو".
کریستیانۆ باسی لە بایەخی مانەوە لە دڵی هاندەرەکانیدا کردووە و دەڵێ، "بە درێژایی ساڵەکان، فێری چەند شتێکی زۆر سادە بووم، گۆڵەکان کاڵ دەبنەوە، جامەکان لە مۆزەخانەکاندا دەمێننەوە، ژمارە پێوانەییەکان لە کۆتاییدا دەشکێنرێن، بەڵام شتێک هەیە، کە کات هەرگیز ناتوانێت بیسڕێتەوە: ئەو شوێنەی کە هەمانە، لە دڵی خەڵکدا".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کاروانی یارییکردنی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال کۆی 146 گۆڵی بەدرێسی پۆرتوگالەوە تۆمارکردووە، کە زۆرترین گۆڵە لە مێژوودا، یاریزانێک بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمار بکات.




