رووداو دیجیتاڵ
پێدرۆ پرۆینسا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال لە گوتارێکی مێژووییدا، بە فەرمی ماڵئاوایی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد دوای وازهێنانی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان و بە "کاپتنی هەتاهەتایی و گەورەترین هێمای پۆرتوگال" ناوزەندی کرد.
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی لیستی نوێی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەلایەن خۆرخێ جیسوسی راهێنەرەوە بەبێ ناوی رۆناڵدۆ، پرۆینسا لە گوتارێکدا سوپاسگوزاریی نەتەوەکەی بە ئەستێرە 41 ساڵانەکە بەخشی و گوتی "کاپتنەکەمان وازهێنانی خۆی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند، ئەمە بڕیارێکە من، راهێنەر و سەرجەم ئەندامانی فیدراسیۆن بە تەواوی رێزی لێدەگرین، سوپاسی خۆمان ئاراستەی کریستیانۆ دەکەین بۆ هەموو ئەو شتانەی پێشکێشی فیدراسیۆن، هەڵبژاردەی نیشتمانی و پۆرتوگالی کردووە".
سەرۆکی فیدراسیۆنی پۆرتوگال تیشکی خستە سەر کاروانە مێژووییەکەی رۆناڵدۆ و گوتی "ئەو بە ئەنجامدانی 234 یاری و تۆمارکردنی 146 گۆڵ، ناوی پۆرتوگالی گەیاندە هەموو گۆشەیەکی زەوی، ریکۆردەکانی شکاند و سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەمان بوو بۆ دەستکەوتگەلێک کە تاهەتایە لە مێژووماندا دەمێننەوە،
کریستیانۆ باشترین باڵیۆزی پۆرتوگال بوو بۆ جیهان، لەنێو یاریگا و دەرەوەیدا ئیلهامبەخشی چەندین نەوە بوو". پرۆینسا جەختی لە پاراستنی میراتی ئەو ئەستێرەیە کردەوە و گوتی "باشترین رێگەی رێزلێنان لێی، دڵسۆزبوونە بۆ ئەو ئیلهامە گەورەیەی بۆی بەجێهێشتووین: ئارەزوویەکی بێسنوور بۆ بردنەوە، هەمیشە هەوڵدان بۆ سەرکەوتن، و هەرگیز نەترسان لەوەی ببیتە باشترینی جیهان، ئەم شوێنە ماڵی تۆیە و هەمیشە ماڵت دەبێت، چونکە تۆ لە یاریزانێک زیاتریت، تۆ هێما و کاپتنی هەمیشەیی ئێمەیت".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 146 گۆڵ وەک گۆڵکاری مێژوویی سەرجەم هەڵبژاردەکانی تۆپی پێ لە جیهاندا ماڵئاوایی کرد، دوای ئەوەی سەرکردایەتی پۆرتوگالی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2016 و نەیشنزلیگی 2019، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە سەرپەرشتی خۆرخێ جێسوس ئامادەکاری بۆ دوو یاریی داهاتووی لە نەیشنزلیگ دەکات.




