رووداو دیجیتاڵ
چاوی هەوادارانی تۆپی پێی ئیسپانی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر یاریگای مێترۆپۆلیتانو دەبێت؛ ئەو شوێنەی بارسێلۆنا دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە یارییەکی گەورەی هەفتەی دوازدەیەمی لالیگا، لەکاتێکدا ریال مەدرید بەچاودێرییەوە چاوەڕێی ئەنجامی ئەم یارییەیە، چونکە هەر ئەنجامێک بێت، دەتوانێت سوودی لێ ببینێت.
دوای ئەوەی تیپەکەی جۆزێ مۆرینیۆ لە یاریگای مێستایا بە سێ گۆڵ بەرامبەر هیچ لە ڤالێنسیاى بردەوە؛ بە گۆڵەکانی فێدێریکۆ ڤاڵڤێردێ، ئاردا گولەر و کیلیان ئێمباپێ، ریال مەدرید خاڵەکانی گەیاندە 30 خاڵ و لەگەڵ بارسێلۆنا یەکسان بوو لە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگادا.
ئەم دۆخەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی بارسێلۆنا، کە لەبەردەم چوار مەترسیی گەورەدایە کە دەتوانن پێگەی لە خولی ئیسپانیا بخەنە مەترسییەوە.
1 - پێشکەشکردنی پێشەنگایەتی بە ریال مەدرید
ریال مەدرید پێش یارییەکە دەتوانێت بەبراوەی سەرەکیی ئەم کێبڕکێیە دابنرێت؛ چونکە تیپی مۆرینیۆ لە هەموو ئەنجامە ئەگەرییەکاندا سوودێکی ستراتیژی وەردەگرێت.
ئەگەر بارسێلۆنا بدۆڕێت یان یەکسان بێت، ریال مەدرید دەرفەتی ئەوەی دەبێت پێش دەستپێکردنی پشووی نێودەوڵەتیی مانگی تشرینی دووەم، ببێتە خاوەنی پلەی یەکەمی ریزبەندییەکە، بەڵام ئەگەر بارسێلۆنا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا ریال مەدرید دەتوانێت دووریی خۆی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید زیاتر بکات لە پێشبڕکێی پلەکاندا.
ئەم هەژمارە ژمارەییانە گوشارێکی دەروونی زیاتر دەخەنە سەر فلیک؛ چونکە دەزانێت لەدەستدانی هەر خاڵێک لە مەدرید، دەتوانێت ئەو پێشەنگییەی سەرەتای وەرزەکەی لەدەستبدات و پاڵنەرێکی گەورە بداتە دەست رکابەرە مێژووییەکەی.
2 - ترسی دووبارە دۆڕان لە یارییە گەورەکاندا
بارسێلۆنا بە کێشەیەکی دەروونییەوە دەچێتە یاریی یەکشەممە؛ ئەویش نەتوانینی بەرگەگرتنی یارییە گەورەکانە لەم وەرزەدا.
هەرچەندە بارسێلۆنا بەئاسانی لە تیپە مامناوەند و لاوازەکانی بردووەتەوە و لە 11 یاریی لالیگادا 46 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام لە دوو تاقیکردنەوەی گەورەی ئەم دواییانەدا سەرکەوتوو نەبووە.
سەرەتا، هێڵی بەرگریی بارسێلۆنا لە یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا رووخا و بەئەنجامی 4-2 دۆڕا. دواتریش لە یاریگای خۆیدا لە کلاسیكۆدا بەئەنجامی 2-1 بەرامبەر ریال مەدرید شکستی هێنا.
ئەم دوو شکستە وایکردووە یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ فلیک ببێتە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز، بۆ ئەوەی بسەلمێنێت تیپەکەی توانای رووبەڕووبوونەوەی تیپە گەورەکانیشی هەیە.
3 - کێشەی مێژوویی فلیک لەگەڵ سیمیۆنی و هەستانەوەی رۆخی بلانکۆس
هەوڵی فلیک بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی پێشوو، بە رووبەڕووبوونەوەی راهێنەرێک کۆتایی دێت کە بووەتە یەکێک لە سەختترین رکابەرەکانی لە ئیسپانیا.
ئاتلێتیکۆ مەدرید بە راهێنەرایەتی دیێگۆ سیمیۆنیی ئەرجەنتینی، زیاتر لە هەر تیپێکی دیکە شکستی بە فلیک هێناوە؛ بە جۆرێک لە 10 یاریی لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا، سێ جار شکستی پێ هێناوە. هەروەها ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دوا پێنج رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆدا، دووجار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
مەترسییەکە بۆ بارسێلۆنا زیاتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دۆخێکی زۆر باشدایە و حەوت سەرکەوتنی لەسەریەکی لە لالیگادا بەدەستهێناوە.
لەهەمانکاتدا، سیمیۆنێ هەوڵ دەدات ژمارەی سەرکەوتنەکانی لە خولی ئیسپانیا بگەیەنێتە 345 سەرکەوتن و بە تەنیا خاوەنی ریکۆردی زۆرترین سەرکەوتن لە نێوان راهێنەرانی مێژووی لالیگادا بێت، بە تێپەڕاندنی ریکۆردی لۆیس ئارگۆنێسی راهێنەری کۆچکردوو.
4 - دوورکەوتنەوەی 6 یاریزان و خۆکوژیی لەبەردەم ئەلڤارێزدا
دوایین هۆکاری نیگەرانی هانزی فلیک، ئەو زیانە گەورەیەیە کە بە هێڵی ناوەڕاست و بەرگریی بارسێلۆنا گەیشتووە؛ چونکە نەبوونی شەش یاریزانی گرنگ لە یارییەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە.
لە پێشەوەیان یاریزانی ناوەڕاستی ئیسپانی، رۆدری هەیە، کە لە یارییەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا لە چامپیۆنزلیگدا تووشی پچڕانی ماسوولکە بووە و بۆ ماوەی یەک مانگ لە یارییەکان دوور دەبێت. هەروەها ندوورکەوتنەوەی بەرگریکاری فەرەنسی، ژۆل کۆندێش بەردەوامە.
راهێنەری بارسێلۆنا دەترسێت لە بەردەوامبوون لەسەر پشتبەستن بە هێڵی بەرگرییەکی لەپێشەوە، لە نزیک بازنەی ناوەڕاستی یاریگا، بەبێ پاراستنی پێویست لە ناوەڕاست. فلیک لەوە دەترسێت ئەو کارەی ببێتە هەڵەیەکی گەورە لەبەرامبەر هێرشە خێرا و گۆڕانکارییەکانی جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینیدا.
ئەلڤارێز شارەزاییەکی زۆری لە بەکارهێنانی بۆشاییەکانی پشت هێڵی بەرگری هەیە و لە 9 رووبەڕووبوونەوەی پێشووی بەرامبەر بارسێلۆنا 4 گۆڵی تۆمارکردووە، بۆیە ئەگەر فلیک هێڵی بەرگریی پێشەوەی بەبێ پاڵپشتییەکی بەهێزی ناوەڕاست بەکاربهێنێت، ئەوا دەتوانێت بۆشاییەکی گەورە بۆ هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە دروست بکات تا سوودی لێ وەربگرێت.




