رووداو دیجیتاڵ
هێلینا کوندێس، میدیاکاری بەناوبانگی بەرازیلی، رەخنەی تووندی لە کارەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل گرتووە، بەتایبەت لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ رافینیای هێرشبەری هەڵبژاردەکە.
ئەو میدیاکارە پێیوایە مامەڵەی ئەنچێلۆتی لەگەڵ رافینیا، لە خزمەتی ریال و دژی بارسایە.
ئەو رۆژنامەوانە دەڵێ، ئەنچێلۆتی بووەتە هۆکاری پێکرانی جیاوازی رافینیای هێرشبەری بارسێلۆنا، لەماوەی یارییە نێودەوڵەتییەکانی چەند جاری رابردوودا.
ئەنچێلۆتی، بۆ گەڕی ئەمجارەی یارییەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل، جارێکی دیکە بانگهێشتی رافینیای کردووەتەوە، لە کاتێکدا بارسێلۆنا ترسی زۆری لەوە هەیە، هاوشێوەی گەڕی پێشوو، ئەو یاریزانە جارێکی دیکە تووشی پێکان ببێتەوە.
میدیای کەتەلۆنیا، پێشتر رەخنەیان لە بانگهێشتکردنی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل گرتووە، لە کاتێکدا هەڵبژاردەکە تەنیا یاریی دۆستانە دەکات و پاڵەوانێتیی نییە.
هێلینا کوندێس، لە رادیۆی 'کادینا کوپێ' قسەیکردووە و دەڵێ، "بارسێلۆنا و هانزی فلیکی راهێنەری، داوای مامەڵەیەکی دانایانە لەگەڵ رافینیا دەکەن. ناڕەوایە ئەو یاریزانە لە سێجاری رابردووی بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل، بەپێکانەوە بگەڕێتەوە یانەکەی".
ئەوە یەکەمجار نییە بارسێلۆنا ترسی خۆی لە دووبارەپێکرانەوەی رافینیا دەرببڕێت. ئەو هێرشبەرە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی گوتی، "قسەم لەگەڵ ئەنچێلۆتی کردووە، من ئێستا لە قۆناخی شیاندنەوەدام. هەست بەباشییەکی زۆر دەکەم، ئەگەرچی من هێشتا نەگەیشتوومەتەوە باشترین ئامادەیی توانای جەستەییم. بەڵام دەمەوێت دڵنیایی بدەمە هاندەرانی بارسێلۆنا، من هەموو توانای خۆم خەرجدەکەم بۆ ئەوەی لە باشترین دۆخی جەستەیی خۆمدابم".
رافینیا، پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی ئەمساڵی لالیگای گرتووە بە تۆمارکردنی 15 گۆڵ. هەروەها گۆڵکاری بارسایە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان.




