رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، داوای کەمکردنەوەی سزای ساموێل بالێت، یاریزانی یانەکەی دەکات، دوای ئەوەی بۆ سێ یاریی سڕکرا.
ساموێل بالێت، لە یاریی بەرامبەر ئەیوپ سپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی سوپەرلیگ، هاتریکی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە بە 5-1، بەڵام یاریزانەکە کارتی سووری پێدرا.
بالێت لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا بەهۆی لێدانی لە یاریزانێک راستەوخۆ کارتی سووری پێدرا و لە یارییەکە کرایە دەرەوە، دوای ئەوە بەبڕیاری لیژنەی رێککاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، بڕیاری راگرتنی یاریزانەکەی ئامەدسپۆر بۆ سێ یاریی دەرکرا، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی ئامەدسپۆر و هاندەرانی بەدوای خۆیدا هێنا.
یانەی ئامەدسپۆر تانەی لە بڕیاری سزادانی یاریزانەکەی داوە و داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکات سزای یاریزانەکە کەمبکرێتەوە.
لەو تانەیەدا کە ئامەدسپۆر پێشکێشی لیژنەی رێککاریی فیدراسیۆنەکەی کردووە و دەڵێت "ناکرێت مامەڵەی بالێت وەکو توندوتیژی لێکبدرێتەوە و داوا دەکەین سزاکەی لە سێ یارییەوە بۆ یەک یاریی کەمبکرێتەوە".
رۆژی پێنجشەممە لیژنەی رێککاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، بڕیار لەبارەی تانەی یانەی ئامەدسپۆرەوە دەدات، هاندەرانی یانەکە چاوەڕێی کەمکردنەوەی سزای ئەو یاریزانە دەکەن.
بەهۆی ئەو کارتە سوورەی وەریگرت، ساموێل بالێت، لە یاریی رابردووی ئامەدسپۆر بەرامبەر گاڵاتەسەرای یاریی نەکرد، ئەگەر سزاکەی کەمبکرێتەوە لە یاریی داهاتووی یانەکە بەرامبەر ریزەسپۆر دەگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی کەسک و سوور.
ساموێل بالێت، بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی لەم وەرزەدا لەگەڵ ئامەدسپۆر پێشکێشی دەکات، بانگهێشتی هەڵبژاردەی سویسرا کراوە، بۆ هەردوو یاریی هەڵبژاردەکە بەرامبەر سلۆڤینیا و سکۆتلاند، لە رکابەرییەکانی نەیشنسلیگ.




