رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، خۆشەویستیی خۆی بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی یانەکە دووپاتکردەوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەکی نەدا، لەبارەی گەڕانەوەی ئەو یاریزانە، بۆ لیستی یاریزانانی سەرەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سێلتاڤیگۆ.
ڤینیسیۆس دەتوانێت بەشداریی یاریی سبەی یانەکەی بکات، پاشئەوەی سزای چوار یاریی راگرتنی تەواوکرد، بەهۆی سزادانی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال و راگرتنی بۆ چوار یاری.
ریال مەدرید لەو چوار یارییەدا کە ڤینیسیۆس بەشداریی تێدا نەکرد، سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا یان دیۆماندێ لە یارییەکاندا درەوشایەوە و ئەوەش وایکرد، زۆر بۆچوون لەسەرئەوە سەرهەڵبدات کە پێویستە ئەو یاریزانە لە پێکهاتەی سەرەکی بێت، لە جێگای ڤینیسیۆس.
مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یارییەکەی سبەی گوتی، "ڤینیسیۆس سەرەکی بێت یان یەدەگ، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت. بەر لە دوو هەفتە هەمووان وا قسەیاندەکرد وەکئەوەی کێشەیەکی گەورەی هەبێت، بەڵام زێدەڕۆیی لە قسەکاندا دەکرا، ئێمە خۆشمان دەوێت و پێویستمان پێیەتی".
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە هەروەها دەڵێ، "هیچ یاریزانێک گرەنتی بەشداریکردنی بەشێوەی سەرەکی نییە، هەمووان لەپێناو تیپەکەدا کاردەکەن. هەندێک چیرۆک هەن کە دەڵێن، پێویستە ئەو لە ریال مەدرید بڕوات لەبەرئەوەی سەرەکی نییە، بەڵام ریال مەدرید پێویستی بەهەمووانە".
راهێنەری ریال مەدرید، لە کۆتاییدا هەڵوەستەی لەسەر لێدوانەکانی چەند رۆژی لەمەوپێشی ڤینیسیۆس کردووە، کە گوتبووی دوای چوونە دەرەوەی بەرازیل لە مۆندیال، رووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە لە ریال مەدرید.
مۆرینیۆ دەڵێ، "ڤینیسیۆس دەبوو ئەو قسانە لە دڵی خۆیدا بهێڵێتەوە، ئەو گەنجە و لەگەڵ خۆیدا قسەیکردووە و بەهەڵسوکەوتەکانیدا چووەتەوە. یاریزانێکی گرنگە لە ژووری جلگۆڕیندا و هەمووان خۆشیان دەوێت".
قسەکانی مۆرینیۆ هاوکاتە لەگەڵ ئەو راپۆرتە هەواڵانەی باسیان لەوە کردووە، کە ئەو راهێنەرە پلانێکی تایبەتی پلە بە پلەی بۆ گەڕاندنەوەی ڤینیسیۆس بۆسەر ئاستی راستەقینەی خۆی داڕشتووە و پەیڕەوی دەکات.




