رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامی رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک لەنێو یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی دیالەی بردەوە، هاوکات یانەی هەولێریش لە دەرەوەی یاریگای خۆی دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا و لەگەڵ جۆلان بە گۆڵێک یەکسانبوو.
لە رووبەڕووبوونەوەی یەکەمدا، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی جۆلان. زەردپۆشەکان دەستپێشخەرییان کرد و لە خولەکی 27 عامر جامووس گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەولێر تۆمارکرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی گێمی دووەم و لە خولەکی 46 مبای یایا گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ جۆلان هێنایە بەرهەم، سەرەڕای هەوڵەکانی هەولێر لە خولەکەکانی کۆتاییدا بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە، یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات و هەولێر بە خاڵێکەوە لە یاریگای جۆلان گەڕایەوە.
لە یاریەکەی دیکەدا کە لەسەر یاریگای دهۆک بەڕێوەچوو، یانەی دیالە لە خولەکی 4 لە رێگەی زولفەقار گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام دهۆک بە بەهێزی گەڕایەوە و لە خولەکی 32 مەحموود مەواس ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە ئەنجامەکە بە یەکسانبوونی 1-1 کۆتاییبێت.
لە گێمی دووەمدا یاریزانانی دهۆک کۆنتڕۆڵی تەواوی یاریگایان گرتە دەست؛ سەرەتا ئیگۆر لە خولەکی 55 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 74 حەسەن عیماد گۆڵی سێیەمی بە شێوەیەکی نایاب تۆمارکرد، بەر لەوەی مستەفا نەواف لە خولەکی 3+90 بە گۆڵی چوارەم بردنەوەی گەورەی دهۆک بە ئەنجامی 4-1 مسۆگەر بکات.
بەم ئەنجامانە، یانەی دهۆک بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی بەنرخ پێگەی خۆی لە ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهێزتر کرد و لە پلەی هەشتەم دێت لە کاتێکدا یانەی هەولێر دوای لەدەستدانی دوو خاڵ، هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر لە گەڕەکانی داهاتوودا چڕدەکاتەوە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکە دێت.




