رووداو دیجیتاڵ
من لیۆنێل ئاندرێس مێسی کوتشیتینیم، بەپێی بەندی ژمارە 24 داوای کۆتاییهێنانی گرێبەستەکەم دەکەم، کە رێگەم دەدات بەکاریبهێنم و بڕۆم، ئەمە ئەو فاکسەیە کە مێسی بۆ کارگێری یانەی بارسێلۆنای ناردووە و داوای رۆیشتن لە یانەکە دەکات.
مێسی بە گرێبەستێک کە لەسەر کلینکس واژۆکرا، بووە یاریزانی بارسێلۆنا، ئێستاش لە رێگەی فاکسەوە دەیەوێت بڕوات، لیۆ دەیەوێت گۆڕانکاری بکات، ئەو دەیەوێت ماڵئاوایی بکات، بۆ ئەوەش لیۆ پشت بەو بەندەی گرێبەستەکەی دەبەستێت کە رێگەی دەدا بەبێ بەرامبەر بڕوات، بەڵام کارگێریی بارسا دەڵێت، وادەی کارکردن بەو بەندە کۆتاییهاتووە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە 700 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام مێسی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەیەوێت ئەو بەندە چالاک بکاتەوە و کاری پێبکات.
بە ناردنی ئەم فاکسە مێسی هەموو جیهانی شڵەقاند لە ماوەی 7 کاژێردا زیاتر لە 5 ملیۆن تویتی لەسەر کرا، کارگێری بارسێلۆنا لە وەڵامی داوایەکەی لیۆدا دەڵێت، داوا دەکەین بمێنیتەوە و پرۆژەیەکی نوێ لەگەڵ کۆمان دەستپێبکەیت، بەڵام پێناچێت ئەم داواکارییە سەربگرێت و رەنگە ئەمجارە جیهان بینەری ماڵئاواییکردنی لیۆ بێت لە کامپ نو.
هەر زوو هاندەرانی بارسا چوونە بەردەم یاریگەی یانەکەیان، مێسی لەوێ نییە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت هەواڵی رۆیشتنی ئەو تەنیا خەونێک بێت، بە یەک دەنگ هاوار دەکەن بارتۆمیۆ بڕۆ و دەڵێن، مێسی بمێنەوە، هەمووان لێرە تۆیان خۆشدەوێت.
دۆڕان بەرامبەر بایرن میونشن بە 2-8 مێسی و بارسێلۆنا لە دەریاییەکدا نقوم کرد، هاتنە دەرەوە لێی زۆر قورسە و قوربانیی دەوێت، کارگێری یانەکەش بەو مامەڵەیەی لەگەڵ لویس سوارێز، کە نزیکترین هاوڕێی مێسییە، ئەو یاریزانەی زیاتر توڕەکردووە، بەتایبەت کە تەنانەت یەک کەس لە کارگێری یانەکە پەیوەندییان بە لویزیتو نەکردووە.
بارتۆمیۆ لەبەردەم مێژوویەکی شەرمەزارکەردایە، چونکە رۆیشتنی مێسی لە سەردەمی ئەودا شکستێکی گەورەی سەردەمی کارکردنی دەبێت و بۆ هەمیشە وەک خاڵێکی بەنێوچەوانی ویلایەتی کارکردنی ئەودا وەک سەرۆکی یانەکە دەمێنێتەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی فاکسەکەی مێسی، زۆرن ئەوانەی ناوی یاریزانەکەیان پێوەدەبەسترێت، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان، ئەو یانانەن بۆ بەدەستهێنانی پولگا لەسەر هێڵن و دەرگای خەزێنەکانیان بۆ گۆڵکاری مێژوویی بارسا دەکەنەوە.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مێسی 700 ملیۆن یۆرۆیە و ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی کۆتاییدێت، 700 ملیۆن یۆرۆ یەکلاییدەکاتەوە، مێسی دەمێنێتەوە و بارسا گۆڕانکارییەکی گەورەی تێدا دەکرێت، یانیش یاریزانەکە دەچێتە ئەو یانەیەی کە شایستەیەتی.



