رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ یانەکە تەنیا یەک مانگی ماوە، داهاتووی ئەو یاریزانە بۆ هەموو جیهان پرسێکی گرنگە و هەمووان چاوەڕێی یەکلابوونەوەی داهاتووی لیۆ دەکەن.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی جیهان بەشێوەیەکی فراوان گرنگی بە پرسی یەکلابوونەوەی داهاتووی مێسی دەدەن و زانیاری نوێ لەبارەیەوە ئاشکرا دەکەن.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی یانەی هیلال و ماڵباتی مێسی ئەرێنی بووە، یانەی هیلال لە گواستنەوەی هاوینەدا چاوەڕێی مێسی دەکات بۆ ئەوەی رووبکاتە ئەو یانەیە و وەرزی داهاتوو لە خولی سعودیە یاریی بکات."
بەپێی ئەو رۆژنامەیە گرێبەستی مێسی لەگەڵ یانەی هیلال ئەگەر بکرێت بۆ هەر ساڵێک دەگاتە 300 ملیۆن یۆرۆ و نزیکەکانی لیۆ رازین بەوەی یاریزانە رووبکاتە ئەو یانەیە.
رۆژنامەی مارکا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە خولی سعودیە نزیکە لەوەی جارێکی دیکە مێسی و رۆناڵدۆ و بەیەکەوە کۆبکاتەوە و وەرزی داهاتوو جارێکی دیکە ئەو دوو یاریزانە رکابەری یەکدی بکەنەوە.
رۆژنامەی مارکا نووسیوویەتی "هەموو رێگەکانی مێسی دەچنە بەردەم یانەی هیلالی سعودی، بەڵام لیۆ بەتەنیا نییە، بەڵکو هاوڕێکانیشی سێرخیۆ بوسکێس و خۆردی ئەلباش روودەکەنە ئەو یانەیە دوای ئەوەی ماڵئاواییان لە یانەی بارسێلۆنا کرد."
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیتاڵی دەڵێت "مێسی دەیەوێت بڕیاری خۆی بدات، بەڵام پێناچێت لەم چەند رۆژە کەمەی داهاتوو بێت، هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی لە یانەی بارسێلۆناوە پێشکێشی مێسی نەکراوە و لە مانگی نیسانی رابردووە یانەی هیلال دەستەوارەی فەرمیی بۆ لیۆ ناردووە."
جێرارد رۆمێرۆ، رۆژنامەڤانی ئیسپانی نووسیوویەتی "مێسی دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەڵام چاوەڕێی دەستەوارەی فەرمی دەکات."
گاستۆن ئیدۆل، رۆژنامەڤانێکی نزیک لە مێسییە و بە هاوڕێی لیۆ ناوبانگی دەرکردووە، ئەو دەڵێت "بارسێلۆنا زۆر دوورە لە گەڕاندنەوەی مێسی بۆ ریزەکانی."
ماڵپەری فۆت مێرکاتۆ نووسیوویەتی "مێسی نزیکە لەوەی رووبکاتە یانەی هیلال، باوکی یاریزانەکە کە بەڕێوەبەری کارەکانی مێسییە لەسەر دەستەوارەی یانە سعودییەکە رازی بووە و ئەگەر ئەو گرێبەستە بکرێت ماڵباتی مێسی گەورەترین پاداشتی دارایی لە مێژووی گواستنەوەی یاریزاناندا وەردەگرێت."
سانتی ئۆنا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە نزیکەکانی مێسی بەدەستەوارەکەی هیلال رازین، هەرچەند کە مێسی دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەڵام دەستەوارەی هیلال 1.2 ملیار یۆرۆیە بۆ دوو ساڵ و دەبێتە گەورەترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێ.
مێسی دوو وەرزە لە یانەی پاریس سانجێرمان یارییدەکات و هەردوو ساڵەکە نازناوی خولی فەرەنسای لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە و لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەکە پێشکێشکرد، بەڵام گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە کۆتاییدێت و نوێی ناکاتەوە.
هەوڵەکانی یانەی هیلال بۆ گواستنەوەی مێسی لەکاتێکدان کە یانەکە ئەم وەرزەی نەیتوانی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی سعودیە بکات و چامپیۆنزلیگی ئاسیاشی لەدەستدا، شەوی دووشەممەش بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای پوما واژۆکرد، بۆ ئەوەی ببێتە سپۆنسەری یانەکە.




