رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ رۆژنامەکانی موندۆ و سپۆرت، رایگەیاند کە دەچێتە خولی ئەمریکی، یاری بۆ یانەی ئینتەرمەیامی دەکات و ناگەڕێتەوە بارسێلۆنا. گوتیشی "بارسێلۆنا هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی پێشکەشی نەکردووە".
لیۆنێل مێسی، لە سەرەتای هەڤپەیڤینەکەدا، گوتی "ناگەڕێمەوە بارسێلۆنا، دەچمە ئینتەرمەیامی. بڕیارمداوە بچمە مەیامی، هێشتا 100% تەواو نەبووە، بەڵام بڕیارمداوە لەوێ بەردەوام بم".
ئەو گوتیشی "بیستم کە لالیگا رازیبووە و دەتوانم بگەڕێمەوە بارسێلۆنا، بەڵام ئەوە راست نییە و دەبووایە زۆر شتی دیکە رووبدەن".
براوەی مۆندیال، راشکاوانە هۆکاری نەگەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا روونکردەوە و گوتی "زۆر بەپەرۆش بووم بۆ گەڕانەوە بۆ بارسا. بەڵام ئەوەی جاری یەکەم بەسەرمهات، نەمویست دووبارە ببێتەوە و نەمویست جارێکی دیکە بگەڕێمەوە ئەو دۆخە. نەمویست چارەنووسم بکەوێتە دەست کەسێکی دیکە".
لیۆ لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ماڵباتەکەی بۆ خۆی هەموو شتێکە و گوتی "ئێستا گرنگترین شت بۆ من ماڵباتەکەمە".
مێسی دانی بەوەشدا نا کە قسەی لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا کردووە و گوتی "جارێک یان دووجار قسەم لەگەڵ لاپۆرتا کردووە و زۆر قسەم لەگەڵ چاڤی دەکرد. من و چاڤی زۆر بەپەرۆشبووین بۆ گەڕانەوەم".
خاوەنی 7 باڵۆن دۆر، ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە ئەوروپا دەستەوارەی بۆ هاتبوو، بەڵام وەک خۆی گوتی "نەمویست بێجگە لە بارسا بۆ هیچ یانەیەکی دیکە یاری بکەم".
یاریزانی نوێی ئینتەرمەیامی، رەتیکردەوە بڕیارەکەی بۆ پارە بووبێت و گوتی "ئەگەر مەبەستم پارە بووایە دەچوومە هیلال".
مێسی خۆشەویستیی خۆی بۆ بارسێلۆنا و هاندەرانی دووپاتکردەوە و گوتی "سوپاسگوزاری هاندەرانی بارسێلۆنام، هیوادارم رۆژێک لە رۆژان بە جوانترین شێوە ماڵئاوایی لە بارسیلۆنا بکەم. خۆشەویستیم بۆ بارسێلۆنا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. هیوادارم رۆژێکی دیکە هاوکاریی بارسێلۆنا بکەم. لە خۆشەویستیی هاندەرانی بارسێلۆنا تێدەگەم".
لیۆ گوتیشی "لە راستیدا زۆر حەزم دەکرد ماڵئاواییەکی وەک بۆسکێس و ئەلبام هەبووایە، بەڵام بەداخەوە نەبوو".
کاپتنی پێشووی بارسێلۆنا، رەتیکردەوە بارسا گرێبەستی پێشکێش کردبێت و گوتی "بارسێلۆنا هیچ گرێبەستێکی پێشکێش نەکردووم، دەستەوارەیەکی بۆ ناردم، بەڵام فەرمی نەبوو، هەر واژۆی لەسەر نەبوو. لە بنەڕەتدا باسی پارەمان نەکردووە".
مێسی زیاتر گوتی "لە بارسێلۆنا هەندێک کەس پێیان خۆش نەبوو بگەڕێمەوە، وەک چۆن پێیان خۆشبوو لە یانەکە بڕۆم. هەندێک کەس پێیانوابوو گەڕانەوەم بۆ یانەکە باش نییە".
لیۆ باسی دوو ساڵەکەی لە پاریس کرد و راشکاوانە گوتی "لە پاریس خۆشیم نەبینی و زۆر لە هۆتێل مامەوە. دوو ساڵەکەم لە پاریس زۆر سەیر بوو. ماڵباتەکەم لە پاریس دڵخۆش نەبوون، زۆر نیگەرانبووم بۆ ئەوەی لە میدیادا لەبارەی ماڵباتەکەمەوە دەگوترا".
کاتێک لێیانپرسی دەتوانین بڵێین برینەکەت هێشتا خوێنی لێدێت؟ مێسی لە وەڵامدا، گوتی "بەڵێ، تا راددەیەک. وەک پێشتر گوتم، چونکە نەمتوانی بەو شێوەیە ماڵئاوایی لە هاندەرانی بارسا بکەم کە دەمویست و پێموایە شایەنی ئەوەم. هەستێکی خراپ هەبوو، من بەتەنیا کرام بە کەسە خراپەکە لە فیلمەکەدا، حەزم لەوە نەبوو، چونکە دۆخەکە بەو شێوەیە نەبوو".
لە کۆتاییشدا لیۆ گوتی "لە یارییکردن لە ئەمریکا چێژ وەردەگرم، بە هەموو توانامەوە یارییدەکەم و دەمەوێت بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و ئارامییەوە یاریی بکەم".




