رووداو دیجیتاڵ
لارا عەمیدیی تەمەن 13 ساڵ، لە پاڵەوانێتیی مەلەوانیی کراوەی ئیماراتدا سێ میدالیای بەدەستهێنا. دوای ئەوەی یەکێتیی مەلەوانانی عێراق رەتیکردەوە لە پاڵەوانەتییەکەدا بەشداری پێبکەن بەپاساوی ئەوەی لەو باشتر هەیە، ئەو لەسەر خەرجیی باوکی بەشداریکرد و سەرەڕای پێکانەکەی پێش پاڵەوانێتییەکە بەسەر هەمووان سەرکەوت و سەلماندی کە پێشەنگە.
لارا عەمیدی، پاڵەوانی مەلەوانییە، لەبارەی دەستکەوتەکانی دەڵێت، "زۆر دڵتەنگ بووم کاتێک یەکێتییەکە بە یاریزانی خۆیان قبووڵیان نەکردم، منیش چووم بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە باشترین مەلەوانم بۆ ئەوەی تێڕوانینیان بۆ من بگۆڕێت. مەدالیای زێڕینم لە پێشبڕکێی 50 مەتری مەلەی سینگ، مەدالیای زیو لە پێشبڕکێی 50 مەتری مەلەی پەپوولەیی و میدالیای برۆنزیم لە پێشبڕکێی 50 مەتری مەلەی ئازاد بەدەستهێنا."
بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی حکومەت و سەرباری هەموو ئاستەنگەکان لە بواری راهێنانکردن لە مەلەوانگەکان کە بەپێی ستاندەردە نێودەوڵەتییەکان نین، لارا پێشەنگی خۆی نواند، ئێستا ئاواتەخوازە بگاتە ئاستە جیهانییەکان و نوێنەرایەتیی عێراق بکات نەک شوێنە بیانییەکان.
ئیلاف عەمیدی، باوکی لارایە و دەڵێت: "لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆک و بەرپرسانی یەکێتیی مەلەوانانی عێراق هەوڵی زۆرمدا بۆ ئەوەی لارا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکە بکات، بەڵام بیانوویان بەوە دەگرت کە شکست دەهێنێت. من توانام هەیە بینێرمە بەریتانیا بۆ ئەوەی لە ئیبێکس راهێنان بکات یان لە سیبیدۆ بەناوی فەرەنسا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکان بکات. ئەگەر بردیەوە ئەوکات بیانووی نوێ دەگرن بەوەی لەژێر دەستی راهێنەری بیانی پێگەیشتووە و دووبارە ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن. من دەمەوێ لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەرێکی عێراقی راهێنانی پێ بکرێت و بەژێرخانی یەکێتیی مەلەوانانی عێراقی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکان بکات بۆ ئەوەی سەرکەوتنەکەی ببێتە دوو سەرکەوتن."
پاڵپشتیی بەردەوامی باوکی، هۆکار بووە بۆ ئەوەی لارا لە پاڵ خوێندنی لە قوتابخانە، لە وەرزشی مەلەکردنیشدا هەمیشە پێشەنگ بێت و پەیامی ئەوە بگەیێنێت کە سەرباری هەموو ئاستەنگ و گۆڕینی هەلومەرجەکان، دەکرێ مرۆڤ بە خەونەکانی بگات.


