رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کۆتایی جامی عێراق و رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات.
هەولێر ئەمشەو لە بەغدا لە یاریگەی شەعب، لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی عێراقدا، بەرامبەر یانەی حدوود یارییدەکات و یارییەکە کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت.
یانەی هەولێر رۆژی شەممە بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە گرنگە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت، لە دوو رۆژی رابردوودا یانەکە دوایین ئامادەکارییەکانی لەو شارە ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بۆ یارییەکە ئامادەبێت و رکابەری لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بکات.
یانەی هەولێر بە هەموو هێزی خۆیەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن و هیچ یەکێک لە یاریزانەکان پێکانی نییە، عەباس عوبێد، لەدوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولی عێراق، بەبەردەوامی کاری لەسەر بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی و دەروونی یاریزانەکانی کردووە و ئامانجی یەکەمی گەیشتنە بە یاریی کۆتایی جامی عێراق.
هەولێر ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا دەگاتە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە، مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر حدوود لە بەرژەوەندیی قەڵای زەردە و یانەکە تەنیا یەکجار بەرامبەر حدوود دۆڕاوە، ئەمشەو چاوی چاوەڕوانیی هەولێرییەکان لە یاریگەی شەعب دەبێت، بۆ ئەوەی پاسەوانانی قەڵا مێژووییەکی دیکە تۆماربکەن و ناوی یانەکە لەسەر نەخشەی تۆپی پێی عێراق زیاتر بگەشێتەوە.
بەر لە چوونی هەولێر بۆ بەغدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی یاریزانانی یانەکەی کرد و پێیگوتن، بەڵێنی ئەوەم لێتان دەوێت بگەنە یاریی کۆتایی، کاتێکیش ئەوەتان کرد بەڵێنتان پێدەدەم لە ئاستی باڵا رێزتان دەگیرێت و پاداشت دەکرێن.
هەولێر و حدوود یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی عێراق دەکەن، براوەیان لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی قوە جەوییە و کەرخ دەبێتەوە.




