رووداو دیجیتاڵ
ئیسحاق توتوملو، شۆفێری کوردی تیمی کوردستان رەیسینگ لە ئەڵمانیا بەشداریی لە پێشبڕکێیەکی دیکەدا کرد و دەستکەوتێکی دیکەی بەدەستهێنا.
توتوملو بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی کە ناو و ئاڵای کوردستانی لەسەرە لە پێشبڕکێی جی تی وۆرلد چالێنجدا بەشداربوو و توانیی پلەی سێیەمی رکابەرییەکە بباتەوە، کە ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2019ـەوە تیمەکە دەستکەوتێکی دیکە دەباتەوە.
رکابەرییەکە ماوەی 12 کاژێر بەردەوامبوو، تیمی رەیسینگ کوردستان بە باشترین ئاستەوە دەرکەوت توانیی باشتر لە زۆرینەی رکابەرەکانی دەربکەوێت.
ئیسحاق توتوملو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە زۆر دڵخۆشین و ئەم نازناوە پێشکێشی ئێوە دەکەم و لە ئێستاوە خۆمان بۆ پاڵەوانێتیی داهاتوو ئامادەدەکەین کە لە بارسێلۆنا دەکرێت"
شۆفێرە کوردەکە لەبارەی بردنەوەی ئەو دەستکەوتەوە زیاتر بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی "ئێوارەتان باش لە نوربورگرینگەوە، ئێمە دەستکەوتێکی دیکەمان لە پێشبڕکێیەکانی جی تی وۆرلد چالێنجدا بەدەستهێنا، پێشبڕکێیەکی سەرنجڕاکێش بوو، فێراردی و رێناڵدی زۆر خێرابوون، ئۆتۆمبێلەکەم نایاب بوو لە لێخووڕیندا و زۆر خێرابوو، لە کۆتاییدا توانیمان دەستەکەوتێكی دیکە بۆ کوردستان رەیسینگ تیم بەدەستهبێنین".
ئیسحاق دەڵێت "ئێمە زۆر دڵخۆشین چونکە کارێكی قورسمان کرد و کارێكی باشمان کرد کە بۆ ماوەی 12 کاژێر رکابەریمان کرد، ئێمە لە نوربورگرینگەوە بەم دەستکەوتەوە دەگەڕێینەوە، ئەمە یەکەم نازناوی کوردستان رەیسینگ تیمە کە بەدەستی دەهێنین لە ساڵی 2019ـەوە، ئێمە زۆر دڵخۆشین و ئەم نازناوە پێشکێشی ئێوە دەکەم و لە ئێستاوە خۆمان بۆ پاڵەوانێتیی داهاتوو ئامادەدەکەین کە لە بارسێلۆنا دەکرێت."



