رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی کێپا ئاریزابالاگا، گۆڵپارێزی نوێی یانەکەی واژۆکرد و گۆڵپارێزەکەش دەڵێت "ئەمڕۆ یەکێک لە گرنگترین رۆژەکانی ژیانی منە."
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کێپا ئاریزابالاگا پشکنینی پزیشکیی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند، دوای ئەوە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید گرێبەستەکەی واژۆکرد و درێسی ژمارە 25ـی وەرگرت.
لە رێوڕەسمی ناساندنی گۆڵپارێزەکەدا ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ریال مەدرید و ماڵباتی یاریزانەکە ئامادەبوون، کێپا گوتی "سڵاو بۆ هەمووتان، ئەمڕۆ بۆ من رۆژێکی زۆر تایبەتە، زۆر جوانە بۆ من و ماڵباتەکەم، زۆر دڵخۆشم و شانازی بەوەوە دەکەم کە دەبمە یاریزانی ریال مەدرید، ئەمڕۆ یەکێک لە گرنگترین رۆژەکانی ژیانی منە."
گۆڵپارێزی نوێی ریال مەدرید گوتی "دەستەوارەی گەورەی دیکەم هەبوو، بەڵام بڕیاردان بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی ریال مەدریدەوە ئاسان بوو و خێرا بڕیاری خۆمدا."
کێپا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "هیوادارم ئەم قۆناخەم جوان بێت، دەتوانین چەندین نازناو ببەینەوە و ئەفسانەیی ریال مەدرید گەورەتر بکەین، دەمەوێت چەند قسەیەک بۆ کۆرتوا و ئێدێر بکەم، بەدڵنیاییەوە بە قورسترین کاتی وەرزشییاندا تێدەپەڕن و هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم."
ئاریزابالاگا هێشتا قسەیکرد و گوتی "هێشتا ریال مەدرید پاشای چامپیۆنزلیگە، لە دوایین 3 چامپیۆنزلیگدا چەندجارێک بەرامبەر یەکدی یارییمانکردووە، پێموایە هەمووان لەسەر ئەو قسەیەی من هاوڕان."
گرێبەستی کێپا ئاریزابالاگای گۆڵپارێزی ئیسپانی، لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەشێوەی خواستن دەبێت، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی تیبۆ کۆرتوا، کە بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و دوای کۆتاییهاتنی وادەی خواستنەکەشی لە حوزەیرانی ساڵی 2024، گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە لە ریال مەدرید دەڕوات.



