رووداو دیجیتاڵ
بیگ رامی، ئەستێرەی یاریی لەشجوانیی میسر و جیهان بەسەردانێک لە باشووری کوردستانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دەمێکە چاوەڕێی ئەم دیدارە بووم و سوپاس بۆ خوا کە هاتەدی."
مەمدوح محەممەد حەسەن ناسراو بە بیگ رامی، لقێکی تایبەت بە کۆمپانیاکەی خۆی کە تایبەتە بە تەواوکەرە خۆراکییەکان هێناوەتە هەولێر و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی یاریی لەشجوانی و ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی هاوبەش بەیەکەوە کرد.
بیگ رامی لەبارەی سەردانەکەیەوە بۆ هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر دڵخۆشم کە لەگەڵ ئێوەم ئەمڕۆ، هیوادارم کە مێوانێکی روح سووک بم، من لەنێو خوشک و برایانمم لێرە، دڵخۆشم بە ئامادەبوونم لە کوردستانی عێراق پشت بە خوا ئەمە دوایینجار نییە، هیوادارم بەردەوام لێکتێگەیشتنی وەرزشی هەبێ لە نێوان کوردستان و میسردا."
رامی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، "ئێمە لێرە هاوبەشی زۆر باشمان هەیە، لە بایۆ گارد، چاومان لەوەیە کە هەمیشە یارمەتی وەرزشوانان بدەین لە کوردستانی عێراق، دەمانەوێت شتی جیاوازتر لەوەی کە هەیە پێشکێش بکەین، راستە کوردستان هەنگاوی زۆر باشی ناوە لەم کۆتاییانەدا، هەوڵ دەدەین شتی چاکتر و باشتریان پێشکەش بکەین."
ئەستێرە میسرییەکەی یاریی لەشجوانی گوتیشی "پلانمان هەیە بۆ ئەوەی بە شارەکەدا بگەڕێین، جوانترین شتی هەولێر خەڵکەکەیەتی، ئەوان میوان دۆستانە پێشوازییان لێکردم و ئەمە زۆر دڵخۆشی کردم، دەمێك بوو چاوەڕێی ئەم دیدارە بووم، سوپاس بۆ خوا کە هاتەدی."
بیگ رامی تەمەنی 39 ساڵە، یەکێکە لە بەنێوبانگترین لەشجوانەکان و خاوەنی چەندین دەستکەوتی جیاوازە لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان.
لەشجوانە میسرییەکە پێشتر دووجار نازناوی میستەر ئۆڵیمپیای بردووەتەوە لە ساڵەکانی 2020 و 2021، بەڵام لە دوایین بەشداریکردنیدا لە ساڵی 2022 پلەی پێنجەمی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
جگە لەوەش بیگ رامی سێ جار خەڵاتی باشترین لەشجوانیی جیهانی لە ساڵەکانی 2013 و 2014 لە نیویۆرک و ساڵی 2016 لە کوێت.



