رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بە 4-1 بەرامبەر یانەی ڤیاریال بەدەستهێنا، بەڵام ناخۆشترین هەواڵی پێگەیشت و یاریزانێکی دیکەی لەدەستدا و ئەم وەرزە بۆ دەیڤد ئالابا کۆتاییهات.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، دەیڤد ئالابا، بەرگریکاری نەمسایی یانەی ریال مەدرید تووشی پێکانێکی قورس بوو و بەو هۆیەوە گۆڕانکاریی پێکرا.
هێشتا یارییەکە تەواو نەبووبوو کاتێک هەواڵە ناخۆشەکە بە جیهاندا بڵاوبووەوە، دەرکەوت پێکانی یاریزانەکە بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیەتی و بەو هۆیەوە یاریزانەکە چیدیکە ناتوانێت لەم وەرزەدا یاریی بکات، ئەمەش زیانێکی گەورە بە یانەی ریال مەدرید دەگەیێنێت، بەتایبەت کە ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکانی بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
بەپێی بەشێکی میدیای ئیسپانیا، بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، دەیڤد ئالابا ناتوانێت بەشداری لە یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 بکات، کە رکابەرییەکانی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن.
رۆژنامەی ئەی ئێس و مارکای ئیسپانی دەڵێن "دوای ئەم پێکانە، ریال مەدرید پلانەکەی دەگۆڕێت و بیر لە ئەنجامدانی گرێبەست دەکاتەوە لە گواستنەوەی زستانەدا."
لەم وەرزەدا لە لالیگادا تاوەکو ئێستا 9 یاریزان لە یانە جیاوازەکاندا تووشی پێکانی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆ بوون، 3 لەو یاریزانانە لە یانەی ریال مەدریدن.
دوای پێکانی ئالابا کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "دۆخێکی بڕواپێنەکراوە 3 پێکانی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆ لە ماوەی 4 مانگدا، ئەمە هەرگیز رووینەداوە."

کارلۆ لەبارەی ئەوەی کێ لە شوێنی ئالابا یاریی دەکات دەڵێت "چوامینی وەکو یاریزانی دڵی بەرگری یاریی دەکات."
یاریزانەکانی ریال مەدرید پاڵپشتیی دەیڤد ئالابا دەکەن و هەریەکەیان بەشێوەیەک هاوخەمی خۆیان بۆ پێکانی ئەو یاریزانەی یانەکەیان پێشاندەدەن.
جود بێلینگهام نووسیوویەتی "خۆشمدەوێیت برا، هەمیشە لەگەڵتم و هیوادارم زوو چاکببیتەوە."
براهیم دیاز لە ئینستاگرام نووسیوویەتی "هێزێکی زۆر بۆ تۆ هاوڕێکەم."
تیبۆ کۆرتوا کە ئەویش هەمان پێکانی هەیە و لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە بۆ ئالابا نووسیوویەتی "هەست بە نیگەرانی دەکەم بۆ تۆ براکەم، بەڵام دڵنیام تۆ دەزانیت چەند هێز پێویستە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێیتەوە، بەمنزیکانە دەتیبینمەوە هاوڕێکەم."
ئانتۆنی رۆدیگێر بۆ بەرگریکارە نەمساییەکە نووسیوویەتی "لەگەڵتم براکەم ئالابا."
ئاردا گولەر دەڵێت "هیوای چاکبوونەوەی خێرات بۆ دەخوازم ئالابا، باوەڕم بە هێز و ئیرادەی تۆ هەیە، دەزانم بەهێزتر لە جاران دەگەڕێیتەوە."
ئەمە سێیەم یاریزانی ریال مەدریدە لەم وەرزەدا بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆوە تووشی پێکان دەبێت، دوای کۆرتوا و ئیدێر میلیتاو، پێکانی ئالابا لە رووی بەرگرییەوە یانەی شاهانە تووشی کێشە دەکات و پێویستی بە یاریزانی نوێ دەبێت.
دوای ئەوەی ئالابا تووشی پێکانبوو، ئێستا هەشت یاریزانی ریال مەدرید پێکانیان هەیە کە ئەمانەن؛ دەیڤد ئالابا، ئیدێر میلیتاو، تیبۆ کۆرتوا، ئیدوارد کاماڤینگا، ڤینیسیۆس جونیۆر، ئاردا گولەر، دانی کارڤاخال، فێرلان مێندی.




