رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، دەیانەوێت یاریی جامی سوپەری تورکیا لەنێوان هەردوو یانەی گاڵاتەسەرای و فێنارباخچە لە ئامەد بکرێت.
یاریی جامی سوپەری تورکیا، لەنێوان هەردوو یانە بەنێوبانگەکەی تورکیا، بڕیاربوو شەوی هەینی لە یاریگەی ئەول پارکی یانەی نەسڕ لە سعودیە بەڕێوەبچێت، بەڵام یارییەکە هەڵوەشێنرایەوە و ئەنجامنەدرا، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە یاریزانانی هەردوو یانە دەیانویست لە یاریگەدا وێنەی ئەتاتورک بەرزبکرێتەوە، بەڵام سعودیە بە داواکارییەکەیان رازی نەبوو، بەوەش یارییەکە نەکرا و هەڵوەشێنرایەوە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا راگەیێنراوێکی هاوبەشی لەگەڵ هەردوو یانەی گاڵاتەسەرای و فێنارباخچە بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەهۆی هەندێک کێشە لە رێکخستنی یارییەکەدا بە هاوبەشی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە درا و بۆ کاتێکی دیکە دواخرا."
فیدراسیۆنەکە سەرەڕای ئەنجامنەدانی یارییەکە سوپاسی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ رێکخستنی کارەکانی ئەو یارییە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە، هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان کە لە رکابەرییەکانی خولی پلە دوو لە کۆمەڵەی سووردا یاریی دەکات، داواکارییەکی پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی یارییەکە لە ئامەد بەڕێوەبچێت.
هەژمارێکی هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی "لە پێناو کۆتایی هێنان بە رەگەزپەرستی لە دژی یانەی ئامەدسپۆر داوا دەکەین یاریی سوپەر لە یاریگەی ئامەد ئەنجام بدرێت و ئاشتی لە تۆپی پێ بێتە دی، ئەمە مانایەکی زۆر گەورە هەڵدەگرێت نموونە دەبێت بۆ نەوەکانی داهاتوو."
لە کۆتایی پۆستەکەدای هاندەرانی ئامەدسپۆر نووسراوە "لە وڵاتدا ئاشتی بەمشێوەیە دێتەدی."
بەپێی هەواڵی میدیای تورکیا، رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی کردووە و سعودیەش لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی یارییەکە داوای 40 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرەبوو لە تورکیا دەکات.
یارییەکە لە کاتێکدا هەڵوەشێنرایەوە، سعودیە بەوە رازیبوو کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە سروودی نیشتمانیی تورکیا لێبدرێت، بەڵام کاژێرێک بەر لە یارییەکە یاریزانانی هەردوو یانە دەیانویست لە کاتی خۆ گەرمکردندا بەدرێسەکەوە دەربکەون کە وێنەی ئەتاتورکی لەسەربوو، بەڵام سعودیە بەم داواکارییە رازی نەبوو.
یارییەکە بڕیاربوو کاژێر 20:45 بکرێت، کاژێر 20:00 بە یاریزانەکان گوترا دەبێت بێنە نێو یاریگە و خۆیان گەرمبکەن، بەڵام ئەوان نەچوون.
کاژێر بووە 20:30 هیچ نەگۆڕا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە کرا و کاژێر 21:00 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە دەرچوو، بەمشێوەیە یارییەکە نەکرا و هەردوو یانە و هاندەرەکانیان لە سعودیەوە بەبێ یارییکردن گەڕانەوەی تورکیا.




