رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هێشتا روون نییە، یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەکاری بۆ پێشکێشکردنی دەستەوارەیەکی خەیاڵی دەکات، بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە یانەکە بمێنێتەوە.
محەممەد کەعبی، رۆژنامەڤانی قەتەری دەڵێت "پاریس سانجێرمان گرێبەستێکی گەورە پێشکێشی ئێمباپێ دەکات، بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە یانەکە بمێنێتەوە، بەڵام هێشتا ئەستێرە فەرەنسییەکە هیچ بڕیارێکی لەبارەی داهاتووی خۆیەوە نەداوە."
بەپێی هەواڵێکی کەناڵ پڵەسی فەرەنسی، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، ئامادەیە 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ رازیکردنی یاریزانەکە پێشکێشبکات، تاوەکو گرێبەستەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە، بەمەش یاریزانەکە بۆ هەر ساڵێک 100 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە وەردەگرێت.
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، بەرپرسانی قەتەر گڵۆپی سەوزیان بۆ پاریس سانجێرمان هەڵکردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستێکی گەورە پێشکێشی ئێمباپێ بکەن بۆ مانەوە لە یانەکەدا.
ریۆ ماڤوبا، یاریزانێکی پێشووی فەرەنسایە و لەبارەی دۆخی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان قسەیکردووە و دەڵێت "من دەمەوێت یاریزانەکە بمێنێتەوە، بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان ئاڵنگارییەکی گەورەترە لە بردنەوەیان لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە، بەتایبەت ریال مەدرید."
کیلیان ئێمباپێ، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا و دوای 5 مانگی دیکە کۆتاییدێت، هێشتا یاریزانەکە بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەی داهاتووی خۆیەوە نەداوە.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان رایگەیاند، لەگەڵ ئێمباپێ رێککەوتنێکی نهێنیان هەیە و پەیوەندی بە پارەوە نییە.
سەرۆکی پاریس گوتی "پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ ئێمباپێ هەیە و متمانەم بە مانەوەی لە یانەکە هەیە."




