رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن کلینسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوەیان لە سعودیە پێشاندا و رۆبێرتۆ مانچینیش داوای لێبوردن دەکات.
کلینسمان، دوای ئەوەی تیپەکەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەرامبەر سعودیە بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی هەشت، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی "بەختمان هەبوو کاتێک لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا لە نیوکاسڵ بەرامبەر رۆبێرتۆ مانچینی و سعودیە یارییەکی دۆستانەمان ئەنجامدا، ئەوەی مانچینی لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا ئەنجامیداوە ناوازە بوو، هەڵبژاردەی سعودیە، هەڵبژاردەیەکی زۆر زۆر بەهێزە، دەمزانی یارییەکە زەحمەت دەبێت، زۆر قورس بوو، لە نیوەی یەکەمدا هەڵەمان کرد و ئەوان زۆرباشتربوون، دوای نیوەی یەکەم قسەممان لەبارەی ئەو نیوەیەوە کرد و بۆ نیوەی دووەم هەندێک گۆڕانکاریمان کرد و تواناکەمان بەرزکردەوە، بەڵام دەمانزانی یارییەکە زۆر زەحمەتە بەرامبەر تیپێکی بەهێزی وەک سعودیە، کەواتە دیارە ئێمە دڵخۆشین و ئەوە دەزانن.

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری سعودیە، دوای یارییەکە روونکردنەوەی لەبارەی چوونە دەرەوەی لە یاریگە بەر لە لێدانی دوایین لێدانی یەکلاکەرەوە دا و لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی "نەخێر، داوای لێبوردن دەکەم، چونکە پێموابوو کۆتاییهات بوویە چوومە دەرەوە، ئەوە تاکە هۆکار بوو، مەبەستم بێڕێزی کردن نەبوو بەرامبەر کەس، دەمەوێت سوپاسی هەموو یاریزانەکانم بکەم بۆ ئەو کارەی کردوویانە، ئەوان زۆر پێشکەوتوون."
راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە، لەبارەی یەکەم ئەزموونی کارکردنی لەگەڵ سعودیە دەڵێت "زۆر دڵخۆشم لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە، زۆر دڵتەنگم، چونکە هەستەکە دەزانیت کاتێک بە لێدانی یەکلاکەرەوە دەدۆڕێیت، هەروەها کاتێک لە دوایین خولەکدا گۆڵت لێدەکرێت، تێناگەم بۆچی 10 خولەک کاتی زیادکراو هەژمارکرا، بەڵام من دڵخۆشم چونکە وەک تیپ زۆر پێشکەوتووین، هەندێک یاریزانیش زۆر باشتربوون و بەیەکەوە کارمانکرد، بۆ ئەوەی زیاتر پێشبکەوین، دەمانەوێت لەم ئاستەدا یاری بکەین، چونکە ئەگەر بتەوێت بەرامبەر ئەم جۆرە تیپانە سەرکەوتن بەدەستبهێنیت پێویستە زیاتر کاربکەیت."
کۆریای باشوور بەبردنەوە لە سعودیە گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی ئاسیا و رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئوسترالیا دەبێتەوە، سعودیە ئەمە جاری دووەمە لەسەریەک لەم قۆناخەی جامی ئاسیادا بکرێتە دەرەوە.






