رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی پەیوەندیکردنی مەسعود میراڵ، راهێنەری بەنێوبانگی کوردستان و پێشووی یانەی دهۆک بە یەکێک لە یانەکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە راست نین.
دوای ئەوەی یانەی زەورا بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا و دوایین دۆڕانیان لە کلاسیکۆدا بەرامبەر یانەی جەوییە، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی عەبدولغەنی شەهدی راگەیاند، لە میدیای عێراقیدا دەنگۆی زۆر لەبارەی هەوڵەکانی یانەی زەورا بۆ رازیکردنی مەسعود میراڵ بڵاوکراونەتەوە، بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو راهێنەرە ببێتە راهێنەری یانەکە.
جگە لە یانەی زەورا یانەی گەرمە، سەرەڕای ئەوەی ئەحمەد خەلەف لە کارەکەی بەردەوامە، بەڵام ئەنجامەکانی یانەکە بە دڵی کارگێڕیی یانەکە نییە و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی مەسعود میراڵ رازیبکەن ببێتە راهێنەری یانەکە و لە ئەگەری دوورخستنەوەی خەلەف شوێنی ئەو راهێنەرە بگرێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەڕانەوەی مەسعود میراڵ دەکەن بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق دوورن لە راستی و راهێنەرە کوردەکە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی خورفکانی ئیماراتی بەردەوامدەبێت کە وەکو بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە کار دەکات.
لە سەر ئاستی دەرەوەی عێراقیش لە چەند یانەیەکی جیاوازی ئەورووپاوە پەیوەندی بە مەسعود میراڵەوە کراوە، بەڵام ئەو راهێنەرە کوردە هەموو دەستەوارەکانی رەتکردووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، بۆیە پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە ئیماراتییەکەشی وەرگرتووە بۆ ئەوەی هەندێک لە کاری راهێنەرایەتی دووربکەوێتەوە و پشوو بدات.




