رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستێکی گرنگ لە چەند رۆژی داهاتوودا، کە هەنگاوێکە چەندین مانگە چاوەڕوان دەکرێت. لەلایەن سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانیشەوە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە هەموو شتێک بەپێی ئەو پلانە دەڕوات کە داڕێژراوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، داهاتووی نیکۆ پازی یاریزنای لاوی ئەرجەنتینی یەکلا بووەتەوە و وەرزی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ ریزەکانی ریال مەدرید. بڕیاریشە راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانە شاهانەکە، کە بڕیارە لە 7ـی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەفەرمی رابگەیێنرێت.
سەرچاوەکانی نزیک لە مەدرید جەختیان کردووەتەوە کە ئەنجوومەنی کارگێڕیی بەیەکجاری بڕیاری خۆی لەسەر یاریزانەکە داوە، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە دوایین وادە بۆ کاراکردنەوەی مافی کڕینەوەی یاریزانەکە buy-back option لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت، بەڵام هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواودایە.
نیکۆ پاز، کە بڕیارە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری مۆندیال بکات، بەردەوام پەیامی لە کارگێڕیی ریال مەدریدەوە پێدەگات سەبارەت بە گەڕانەوە چاوەڕوانکراوەکەی. ئەو چەند هەفتەیەکە لەم بابەتە ئاگادارە، هەرچەندە بیری ئەو ماوەیە دەکات کە لەگەڵ یانەی کۆمۆی ئیتاڵی بەسەری برد، بەڵام زۆر بەپەرۆشە بۆ تاقیکردنەوەی گەڕانەوە بۆ تیپی یەکەمی ریال مەدرید.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی کۆمۆ ئارەزووی خۆی نیشانداوە بۆ دۆزینەوەی بەهرەی نوێ لە ڤاڵدێبێباسی ریال مەدرید. سیسک فابریگاسی راهێنەری کۆمۆ سەرسامە بە یاریزانانی وەک یانیز و فۆرتیا، هەروەها چاودێرانی یانە ئیتاڵییەکە چەندین جار سەردانی مەدریدیان کردووە بۆ بەدواداچوونی ئاستی یاریزانە لاوەکانی ریال مەدرید.
لە ناو یانە شاهانەکەدا کۆدەنگییەک هەیە لەسەر نیکۆ پاز، دوای ئەوەی بەهۆی متمانەی تەواوی فابریگاسەوە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بووە یاریزانێکی سەرکردە کە توانای گۆڕینی ئەنجامی یارییەکانی هەیە.

