رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە خەڵکی پارێزگای ئیدلیبی باکووری رۆژئاوای سووریا باخەوانن؛ هەڵنەگرتنەوەی مین و تەقەمەنی دوای ساڵی 2011، مەترسیی خستووەتە سەر ژیانیان.
عەبدولموحسین شێخ، باخەوانە و دەڵێت، "لە چیاکانی زاوییەدا، ئێمە پشت بە بەرهەمهێنانی زەیتوون و هەنجیر دەبەستین، بەڵام لەو بۆمبانە دەترسین کە بوونەتە هۆی برینداربوونی چەندین کەس. باخەوانەکان دێن بۆ رنینی بەرهەمەکانیان و لەناکاو پێ دەخەنە سەر بۆمبێک و قاچێکیان لەدەست دەدەن؛ شەش کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون".
لەو ناوچەیەی سووریا، هێزەکانی بەرگریی شارستانی ناسراو بە کڵاو سپییەکان چالاکن و ئەرکێکیان هەڵگرتنەوەی مینە.
ئەو گرووپە دەڵێن، لە ساڵی 2012ـەوە 24 هەزار مینیان پووچەڵکردوونەتەوە؛ 382 کەسی سڤیل بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە کە 29 کەسیان ساڵی رابردوو بوون.
مەئموون ئەلعومەر، کارمەندی بەرگری شارستانییە و دەڵێت، "چەندین باخەوان لە رابردوودا بەهۆی ئەو بۆمبانەوە گیانیان لەدەستداوە؛ ئێمە ئامۆژگاری خەڵک دەکەین ئەگەر شتێکی نامۆیان بینی لێی نزیک نەبنەوە یان دەستی لێنەدەن، دەستبەجێ هێزەکانی بەرگریی شارستانی یان بەرپرسان ئاگادار بکەنەوە".
لە سەرەتای قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە هەزار و 435 هاووڵاتی سڤیل لە رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و حکومەتی سووریا گیانیان لەدەستداوە؛ لەو ژمارەیەش 218 منداڵ بوون.


