رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گووگڵ دێتەوە نێو کێبڕکێی تەکنەلۆژیای مۆبایلەوە و بۆ یەکەمجار کاتژمێری زیرەک و مۆبایلی7 Pixel دەخاتە بازاڕەوە.
مۆبایلی جۆری پیکسڵی کۆمپانیای گووگڵ یەکەمجار لە ساڵی 2016 دروستکرا. لە ساڵی 2020دا فرۆشی مۆبایلەکانی گووگڵ تەنیا 2.7 ملیۆن دانە بوو، لە کاتێکدا فرۆشی ئەپڵ و سامسۆنگ 200 ملیۆن دانە بوو.
هۆکاریی کەمی فرۆشی مۆبایلەکەی گووگڵ بەشێکی بۆ سنوورداربوونی گووگڵ دەگەڕایەوە، بە جۆرێک کە مۆبایلی پیکسڵ 5 تەنیا لە 10 وڵات دەفرۆشرا و کۆمپانیاکە سەرنجی خستبووە سەر بەهێزکردنی سۆفتوێرەکەی نەک هاردوێرەکەی.
بەڵام گووگڵ سیستمی کارپێکردنی مۆبایلی تایبەت بە خۆی هەیە و لە ساڵی 2008 سیستمی ئەندرۆیدی راگەیاند.
مۆبایلی پیکسڵ 6 کە ڤێرژنی پێشتری مۆبایلەکەی گووگڵە، یەکەم مۆبایل بوو کە پرۆسێسەری تێنسەر Tensorی دروستکراوی گووگڵ تێیدا بەکاربهێندرێت کە پەرە بە ژیریی دەستکردی ورد و فێربوونی ئامێرەکە دەدات.
لە مۆبایلە نوێیەکەدا کە Pixel 7ـە نەوەی دووەمی پرۆسێسەری تێنسەری تێدا بەکارهێندراوە کە دەتوانێت وێنە تەڵخەکان بە شێوەیەکی روونتر پیشانبدات، خاڵە ورد و بێزارکەرەکانی سەر وێنە لابدات و لە کاتی ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی، ژاوەژاوی دەرەوە کپ دەکات.
سیستمە ئەپدەیتکراوەکە، بەگوێرەی بەرپرسانی مۆبایلی گووگڵ، دەتوانێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ وەرگێڕان بکات، لەنێویدا ئیدیەمیش وەردەگێڕێت و وێنە بە کوالێتییەکی بەرزەوە دەنێرێت.
بەگوێرەی کۆمپانیای کانالیسی بواری توێژینەوەی تەکنەلۆژیا، لە 12 مانگی رابردوودا، کۆمپانیای گووگڵ 6.2 ملیۆن هاندی مۆبایلەکەی فرۆشتووە. ئەوەش واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر فرۆشەکەی 129% زیادیکردووە، بەڵام هێشتاش فرۆشتنی براندەکانی پیکسڵ تەنیا 2%ی کۆی فرۆشی مۆبایل لە جیهاندا پێکدەهێنێت.
نرخی براندی Pixel 7ی گووگڵ لە ئەمریکا 599 دۆلارە، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ فرۆشتنی زیاتری ئامێرەکانی دەبیندرێت، بەو پێیەی نرخی براندی پێشووی 800 دۆلار بوو. نرخی هەر کاتژمێرێکی زیرەکیشی کە بە بلوتووز کاردەکات 349 دۆلار و ئەوەشی بە LTE 4G کاردەکات 399 دۆلارە.
کۆمپانیای گووگڵ بەنیازە براندە نوێیەکەی لە 17 وڵات بفرۆشێت، بەڵام هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تیدا نییە.


