رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە پێنج مانگە بیری ئاوی خواردنەوەی 40 ماڵ لە گوندی حەساری گەورەی سەربە پارێزگای کەرکووک وشکی کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، زیاتر لە 20٪ـی ئاوی بیری سنووری پارێزگاکە وشکی کردووە.
کارمەندێکی فەرمانگەی ئاو دەڵێت، لە 15 ساڵی رابردوو ئاوی یەکێک لە بیرەکان زیاتر لە 50 مەتر دابەزیوە و بۆریی دیکەی بۆ زیاد کرا، بەڵام ئێستا بە یەکجاریی وشکی کردووە و بۆرییەکانیشی دەرهێنراونەتەوە.
ئاکام ساڵح، کارمەندی فەرمانگەی ئاو دەڵێت، "کاتی خۆی ئەم بیرە حەوت بۆری تێدابوو، ئیدی بەسەریدا رۆیشت و ئاو کەمی کرد، ئێستا گەیشتووەتە 17 بۆری و 102 مەتر ئاوی تێدا نەماوە."
زۆربەی بیری ئاوی کشتوکاڵی و خواردنەوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک وشک بوون یان هەندێک لە بیرەکان ئەگەر ئاویشیان تێدا مابێ، زۆر کەمی کردووە. جووتیارێک دەڵێت، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو لە بیرەکەی، بەشێک لە بەروبوومەکەی بێ کەڵک بووە.
زاهیر عوسمان، جووتیار بە رووداوی گوت، "پێنج خولەک بۆ 10 خولەک بیرەکە ئاوی هێنا و دواتر لەبەر ئەوەی ئاوی تێدا نەمابوو، ئاوەکە بڕا، لەم سنوورەی ئێمە حەوزێکی ماسی زۆر هەیە، چەند ساڵێکیشە وشکەساڵییە، ئەوە دوو بۆ سێجار بۆریمان بۆی شۆڕکردووەتەوە و گەیاندوومانەتە 95 مەتر."
ئاماژەکان بۆ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی مەترسیدارن. فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک هەموو مۆڵەتێکی لێدانی بیری راگرتووە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووکیش دەڵێت، زیاتر لە 20%ـی بیری ئاوی سنوورەکە وشک بوون.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک باس لەوە دەکات، "بەنزیکەیی 20%ـی بیری ئاو لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە پشتئەستوورن بە باران، بە تایبەت بیری کراوە، زۆربەیان وشک بوون و لە ئیشکردن وەستاون."
هەر لەچوارچێوەی رێکارەکانی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی لە کەرکووک، حکومەت بڕیاریداوە حەوزەکانی ماسی تێکبدات.
