ماکسیم رووبین، کۆنسووڵی گشتیی رووسیای فیدراڵ لە هەولێر، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو و بنەماڵەی هەڵکەوت عەزیز دەکات و رایدەگەیێنێت، "هەڵکەوت عەزیز هێمای نیشتمانپەروەری و نموونەی چاودێرێکی دڵسۆز و بێلایەن بوو."
لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری هەڵکەوت عەزیز و تۆڕی میدیایی رووداو کراوە، کۆنسووڵی گشتیی رووسیا دەڵێت: "کۆنسووڵخانەی گشتیی رووسیای فیدراڵ لە هەولێر پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەناڵی رووداو و بنەماڵە و کەسوکاری هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا دەکات."
ماکسیم رووبین لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "لەو رۆژە پڕ لە خەمەدا، هەموومان یادی هەڵکەوت عەزیز دەکەینەوە و سەری رێز لەبەردەم یادی دادەنەوێنین". دەشڵێت، ئەو رۆژنامەنووسە "هێمای نیشتمانپەروەری و نموونەی چاودێرێکی دڵسۆز و بێلایەن بوو."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کونسوڵی گشتیی رووسیا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆستەکە دەربڕیوە و دەڵێت: "داواکارین خوای گەورە دڵنەوایی بە خانەوادە و هاوڕێکانی ببەخشێت و گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات."
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنیر و بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا؛ رۆژی دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی رۆژنامەوانیدا و لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی نێوان بەغدا و بەسرە گیانی لەدەستدا و ئەمڕۆ سێشەممە تەرمەکەی لە گۆڕستانی رەحیماوا لە شاری کەرکووک بە خاکسپێردرا.



