رووداو دیجیتاڵ
چەند هەفتەیەک دەبێت چوارچێوەی رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادەیە، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە، چۆن رێککەوتنەکە دابڕێژن کە هەریەک لە واشنتن و تاران بتوانن لای خەڵکەکەی خۆیان وا نیشانی بدەن کە ئەوان براوەن.
کێشە سەرەکییەکان چین؟
هەردوو وڵات بە تەواوی نە براوەن و نە دۆڕاو، بۆیە زۆر پێویستیان بە رێککەوتنە، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکردە تووندەکانی ناوخۆی وڵاتەکانیان رازی بکەن، پێویستیان بە دەستکەوتە.
لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دەڵێت، سەرۆکی هەردوو وڵات کێشەی بۆ دانوستاندنکاران دروستکردووە:
لە ئێران: موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێ "لە ترسی ئەوەی وەک باوکی نەکوژرێت، خۆی شاردووەتەوە". نامە و پەیامەکان لەرێگەی نامەبەرەوە پێی دەگەیێندرێن، بۆیە وەڵامدانەوەی هەر پێشنیازێک چەند رۆژێکی پێدەچێت، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
لە ئەمریکا: دۆناڵد ترەمپ، هێندە بڕیارەکانی لەناکاو و پێشبینی نەکراون، رۆژنامەکە دەڵێت، تەنانەت نێردەکانی خۆیشی نازانن چۆن بەناوی ئەوەوە قسە بکەن. "زۆرجار ترەمپ لەو بەڵێنانە پاشگەز دەبێتەوە کە نێردەکانی پێشتر لەسەری رێککەوتوون." بۆ نموونە، پێشتر رازی بوو پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ 10 ساڵ رابگیرێت، بەڵام لەناکاو بڕیارەکەی گۆڕی بۆ 20 ساڵ، ئەمەش گفتوگۆکانی تێکدا.
کێشەی "کێ یەکەمجار دەستپێبکات؟"
رێککەوتنەکە روونە: دەبێت ئێران تەنگەی هورمز بکاتەوە و یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەست بکات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی سەر کەشتییەکانی ئێران هەڵبگرێت و ملیاران دۆلاری سڕکراوی ئازاد بکات.
بەڵام کێشەکە لێرەدایە: ئەمریکا دەیەوێت سەرەتا هەموو شتێک وەربگرێت و کەمترین شت بدات. ئێرانیش دەیەوێت سەرەتا شتەکان وەربگرێت و دواتر وردە وردە هەنگاو بنێت.
پارە سڕکراوەکان، سەرئێشەکەی ترەمپ
ئێران سوورە لەسەر ئەوەی دەیان ملیار دۆلاری سڕکراوی لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئازاد بکرێت. بەڵام ئەمە بۆ ترەمپ قورسە، چونکە ئەو پێشتر رەخنەی زۆری لە ئۆباما و جۆ بایدن دەگرت کە چەند ملیار دۆلارێکیان بۆ ئێران ئازاد کردووە، ئێستا ئەگەر خۆی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بۆ ئێران ئازاد بکات، رکابەرە سیاسییەکانی هێرشی تووند دەکەنە سەری و بە "لاواز" وەسفی دەکەن.
ئێران پێیوایە کات لە قازانجی ئەودایە
لە کاتێکدا دانوستاندنەکان بە سستی دەڕۆن، ئەمریکا هەوڵ دەدات لە کەنداو گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران زیاد بکات. بەڵام ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشکردن و تەنانەت هەفتەی رابردوو لە فڕۆکەخانەی کوێتیشی دا.
ترەمپ دەڵێت، ئێرانییەکان چارەیان نییە و لە کۆتاییدا ناچارن رازی بن، بەڵام بەرپرسانی ئێران پێیانوایە کات لە قازانجی ئەواندایە. ئەوان دەزانن ترەمپ بەڵێنی دابوو ئەمریکا نەخاتە شەڕی درێژخایەنەوە، هەروەها دەزانن بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و هەڵئاوسان لە ئەمریکا، بەر لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا، ترەمپ ناچار دەکات سازش بکات.
وەک شرۆڤەکارێک بە رۆژنامەکەی گوتووە: "ئێران پێیوایە ترەمپ تەنیا دەتوانێت بۆ چەند هەفتەیەک بەرگەی ئەم گوشارە ئابوورییە بگرێت، بەڵام ئێران دەتوانێت بۆ چەندین مانگ بەرگە بگرێت."



