رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی سوێدی "پێشێلکاریی سیستماتیکی" لە پرۆسەی هەڵگرتنەوەی منداڵانی دەرەوەی وڵاتەکە ئاشکرا کردووە و داوا دەکات، چیدیکە رێگە بە هەڵگرتنەوەی منداڵی دەرەوەی سوێد نەدرێت.
لیژنەیەکی سوێدی رۆژی دووشەممە داوایکرد کۆتایی بە هەڵگرتنەوەی منداڵانی بیانیی بهێنرێت، ئەمەش دوای ئاشکراکردنی "پێشێلکاری و ساختەکاریی بەربڵاو"کە چەندین دەیەیە بەردەوامە.
ئانا سینگەر، سەرۆکی تیمى لێکۆڵینەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ژمارەیەک منداڵ هێنراونەتە سوێد و بەبێ رەزامەندیی دایک و باوکیان هەڵگیراونەتەوە و هەندێکشیان دایک و باوکیان بەشێوەیەک تێگەیێندراون کە مردوون.
لێکۆڵینەوەکە لە ساڵی 2021 دەستیپێکرد، دوای راپۆرتێکی رۆژنامەی "داگنس نیهیتەر"ی سوێدی، کە کێشەی مەترسیداری لە سیستمی هەڵگرتنەوەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەدا ئاشکرا کردبوو.
سینگەر گوتی: "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە کە سەرپێچی لە هەڵگرتنەوە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە،" ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت "زۆر زوو" ئاگاداری ئەم کێشانە بووە.
لێکۆڵەران "کەلێنی گەورە و سیستەماتیکیان" لە بەڵگەنامەکانی سوێددا دۆزیوەتەوە سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو منداڵانەی لە دەرەوە هەڵگیراونەتەوە، لەوانەش زانیاریی هەڵە لەبارەی رۆژی لەدایکبوونی منداڵان، ناسنامەی دایک و باوک و هەلومەرجی هەڵگرتنەوەکەیان.
هەروەها سینگەر ئاماژەی بەوەشکرد، "حاڵەتی پشتڕاستکراوەی بازرگانیکردن بە منداڵان لەنێوان 1970 تاوەکو 2000ـەکان هەبووە."
باسی لەوەشکرد، حاڵەتەکانی بازرگانیکردن بە منداڵ لە سریلانکا و کۆڵۆمبیا لە ساڵانی نەوەدەکان و هەشتاکان، پۆڵەندا لە نەوەدەکان و چین لە نەوەدەکان و دوو هەزارەکان هەبووە.
بەگوێرەی دەسەڵاتی یاسای خێزان و پشتیوانیی دایک و باوک (MFoF)، نزیکەی 60 هەزار منداڵی سوێدی هەڵگیراونەتەوە و لە وڵاتانی دیکەوە براونەتە ئەو وڵاتە.
ئەو پێنج وڵاتە سەرەکییەش کە زۆرترین منداڵیان تێدا هەڵگیراوەتەوە برتین لە کۆریای باشوور، هیندستان، کۆڵۆمبیا، چین و سریلانکا.
بەهۆی ئەم سەرپێچییانەوە، لێکۆڵینەوەکە پێشنیازی قەدەخەکردنی هەموو هەڵگرتنەوەیەکی نێودەوڵەتی کردووە و داوایکردووە سوێد بە فەرمی داوای لێبووردن لەوانە بکات کە زیانیان بەرکەوتووە.
بەگوێرەی داتاکانی Adoptionscentrum کە نێوەندێکی تایبەتە بە هەڵگرتنەوەی منداڵان، هەڵگرتنەوەی منداڵانی دەرەوەی سوێد لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
لە ساڵی 1985، زیاتر لە 900 منداڵ لە دەرەوەی سوێد هەڵگیراونەتەوە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تەنیا 14 منداڵ هەڵگیراونەتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)