رووداو دیجیتاڵ
نەوزاد بریفکی، لە ویلایەتی مێنیسۆتا دەژیت و تاوەکو ئێستا دوو کتێبی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووەنەتەوە. خۆی قسە لەسەر کتێبەکانی و ژیانە پڕ هەڵبەز و دابەزەکەی دەکات.
گەنجێکی کورد کە بەهۆی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی 1988 خانەوادەکەی بەرەو تورکیا و دواتریش بەرەو ئەمریکا کۆچیانکردووە، دوو پەرتووکی بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی کورد نووسیووە، یەکێکیان لەبارەی گەشتی کۆچی خۆی و خانەوادەکەی بۆ ئەمریکا و ئەوەی دیکەش لەبارەی چیرۆکی گەنجێکی پێشمەرگە نووسیووە کە لە 14 ساڵی چووەتە نێو شۆڕش، بەڵام دواتر دێتە ئەمریکا و پاشانیش لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس دەگەڕێتەوە کوردستان و عێراق و دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە، باس لەوە دەکات چۆن شەڕ ناتوانێت خۆشەویستی کۆتایی پێبهێنێت.
نەوزاد بریفکی، نووسەرێکی کوردە و باس لەوە دەکات، "ناوم نەوزاد رەشید بریفکییە، خەڵکی گوندی بریفکامە لە عەشیرەتی بەرواوری لە سنووری دهۆک، لە ساڵی 1988 لە ئەنفال وەک ئاوارە بۆماوەی چوار ساڵ چووینە تورکیا، دواتر لە ساڵی 1992 هاتینە ئەمریکا، لە ویلایەتی داکۆتای باکوور لە فارگۆ ماینەوە، لە ساڵی 1995 چووینە ویلایەتی مێنیسۆتا و تاوەکو ئێستا لێرەمە.''
نەوزاد بریفکی دەڵێت، "'پەرتووکی یەکەمم کە ساڵی 2017 نووسی، لەسەر ئەوەی کورد کێیە و چ کارەساتێکیان بەسەرهاتووە، وەک ئەنفال و کارەستاکانی دیکە، تاوەکو ئێستاش بە مافەکانی خۆیان نەگەیشتوون، بێ وڵاتن، ئەمەم بۆ خەڵکی بیانی نووسیووە کە چۆن هاتووم بۆ ئەمریکا، لە ساڵی 2021یش، پەرتووکێکی دیکەم نووسیووە بەناوی (شەڕ ناتوانێت ئەڤین بوەستێنێت). ئەویش لەسەر گەنجێکی 14 ساڵییە کە لە ناوچەی بەرواری دەچێتە نێو شۆڕش، دوای ئەوە دێتە ئەمریکا و لە ساڵی 2003 کاتێک ئەمریکا دەچێتە شەڕی عێراق، ئەویش وەک خۆبەخشێک لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دەچێت بۆ کۆتاییهێننان بە رژێمی بەعس.''
ئەو نووسەرە باس لەوە دەکات، "'ئێستا بەس بە زمانی ئینگلیزی هەیە، لە داهاتوودا پشتیوان بەخوا، نیەتم ئەوەیە بیکەمە کوردی و زمانی دیکەش''
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی هۆکاری نووسینی ئەو کتێبانە چەند پرسیارێک لە نووسەرەکە دەکات.
دەقی پرسار و وەڵامەکانی رووداو و نەوزاد بریفکی:
رووداو: لە ئەمریکا هەموو کارئاسانییەک کراوە ئەگەر کەسێک بیەوێت بیخوێنێتەوە، هەروەها خوێندنەوەش بەشێکە لە کولتووری ئەمریکا، ئێوە وەکو نووسەرێک ئەو کارئاسانییانەی خوێندنەوە چۆن دەبینیت؟
نەوزاد بریفکی، نووسەر: شتێکی زۆر جوان، چونکە وەک دەڵێن چەندین بژاردەت پێدەدەن، خوێندنەوەی پەرتووک لە پەرتووکخانەی شارەکان بە خۆڕاییە، دەتوانیت بیکڕیت، دەتوانیت بە کتێبی دەنگی گوێی لێبگریت، هەندێک پەرتووک بە ڤیدیۆ سەیری بکەیت، بۆیە بژاردەکان زۆرن، ئەگەر کەسێک بڵێت، من کاتم نییە بخوێنمەوە، بیانووی نامێنێت.''
رووداو: هۆکاری سەرەکی نووسینی ئەو پەرتووکانە چین، کێ هاندەری سەرکیت بوو؟
نەوزاد بریفکی، نووسەر: هەر لەسەرەتاوە کە منداڵ بووم و دەچوومە قوتابخانە، زۆر هاوڕێم هەبوو دەیانپرسی کورد کێیە، ژیانی خۆتم بۆ باس بکە. کە دەچوومە کۆبوونەوە و لەسەر کار هاوڕێکانم دەیانپرسی کورد کێیە، باسی چیرۆکی خۆتان بکە، ئێوە کۆمەڵکوژکراون، چۆن تاوەکو ئێستا ماون، بۆیە زۆر برادەر و خێزانی ئەنفال هەن و هاتوون بۆ ئەمریکا، بە ئازارێکی زۆری نەفسی و ناخۆشیدا رۆشتوون، بۆیەش بۆمن گرنگ بوو وەک کوردێک ئەمە بگێڕمەوە، چونکە کورد کە نزیکەی 40 بۆ 50 ملیۆن کەس دەبن، هێشتا خەڵک هەیە ئێمە ناناسێت، بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو وەک کوردێکی ئەمریکی ئەمە بنووسم و بڵاویبکەمەوە تاوەکو ئەوانەی کورد ناناسن، لەم رێگەوەیە بیناسن.''
هەمووکات ئەو بیرۆکەیەم هەبوو کە پەرتووکێک بنووسم و باسی کورد بکەم، زۆرجار دەمگوت چۆن دەنگی خۆمان نەک تەنیا بە یەک کەس و گرووپێک بەڵکو بۆ خەڵکێکی زیاتر بگەیێننین، دەمگوت ئەگەر پەرتووکێک بنووسم باشترە. پلانم ئەوەیە پەرتووێکی دیکەش بنووسم بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، چونکە چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکان دەکەم، ئینشائەڵڵا ئەمساڵ یان ساڵێکی دیکە ئەم پەرتووکەم بڵاودەبێتەوە.


