رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، لەگەڵ دەزگا میدیاییە گەورەکان رێککەوتووە کە بابەتەکانیان لەگەڵ بەرنامەی ژیریی دەستکردەکەی تێکەڵ بکات، بۆئەوەی زانیاریی سات بە سات بە بەکارهێنەرانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ بدات.
ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرای کرد، کاتێک بەکارهێنەران پرسیاری پەیوەندیدار بە هەواڵ دەکەن، مێتا ئەی ئای (Meta AI) هەواڵی بەپەلە و بابەتی جۆراوجۆری دیکە بە بەکارهێنەران دەدات، ئەوەش لە رێگەی هاوبەشی لەگەڵ تۆڕە هەواڵی و میدیاییە گەورەکان.
مێتا لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم تایبەتمەندییە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات دەستیان بە "سەرچاوەی نێوەڕۆکی فرەچەشنتر" بگات و لینکی ماڵپەڕی هاوبەشەکان وەربگرن بۆ خوێندنەوەی وردەکاریی زیاتری بابەتەکان.
مێتا دەڵێ، ئامانج لەم فراوانکردنە ئەوەیە بەرنامەی ژیریی دەستکردەکەی لە دابینکردنی نوێترین هەواڵ خێراتر و فرەسەرچاوەتر بێت، هاوکات دانی بەوەدا نا کە "شوێنکەوتنی رووداوەکان بەشێوەی راستەوخۆ رەنگە بۆ سیستمەکانی ئێستای ژیریی دەستکرد ئاسان نەبێت".
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، پلانی هەیە بەردەوام بێت لە زیادکردنی هاوبەشی نوێ و پەرەپێدانی تایبەتمەندیی نوێ، ئەمەش لە کاتێکدایە کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژیریی دەستکرد چڕبووەتەوە.
خزمەتگوزاریی مێتا ئەی ئای لە تەواوی پلاتفۆرمەکانی کۆمپانیاکە بەردەستە و خزمەت بە ملیاران بەکارهێنەر دەکات.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد، لەوانەش چات جی پی تی (ChatGPT) و جێمینای (Gemini)ـی سەر بە گووگڵ، هەوڵی زۆر دەدەن بابەتە راستەوخۆکانی سەر ئینتەرنێت و هەواڵەکان تێکەڵ بە بەرنامەکانیان بکەن.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو، پەیوەندیی مێتا و دەزگاکانی راگەیاندن هەڵبەز و دابەزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
ئەو کۆمپانیایەی مارک زوکەربێرگ لە ساڵی 2004 دایمەزراند، پێشتر رایگەیاندبوو هەواڵ بەشێکی زۆر کەم لە کارلێکی بەکارهێنەران لەسەر پلاتفۆرمەکانی پێکدەهێنێت، بۆیە دەستی بە داخستنی "تابی هەواڵ - Facebook News" کرد لە بازاڕەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا. ئەمەش بووە هۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستە ملیۆن دۆلارییەکان لەگەڵ دەزگا هەواڵییە پێشەنگەکان.
هەروەها زوکەربێرگ لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دا بۆ راگرتنی پڕۆگرامی پشکنینی راستییەکان لە ئەمریکا.



