دالیا: مەرج بوو بەجلی ژێرەوە دەربكەوم
رووداو- هەولێر
دالیا رێبوار، شاجوانی ئینتەرنێتی 2013ی كوردستان كە بەشداری لە رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی Miss Grand International كرد لە تایلەند، ئەنجامەكەی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد.
دالیا كە لە سوێد دەژی، گوتی "من بەناوی كوردستانەوە بەشداریم كرد، بەڵام نەمتوانی هیچ پلەیەك یاخود ناسناوێك بەدەست بهێنم و دادوەرەكان دەنگی پێویستیان بەمن نەدا".
گوتیشی "رێوڕەسمەكە چەندین بەشی هەبوو، من پلەی چوارەمم لە دەنگدانی ئەلیكترۆنی بەدەستهێنا كە خەڵك لە سەرانسەری جیهانەوە دەنگیان دابوو بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی گراندی جیهانی".
بەشداریكردنی دالیا وەك یەكەمین كچی كورد لە رێوڕەسمێكی جیهانیدا كە بەجلی ژێرەوە دەركەوت، لە كوردستان دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، هەندێكیان رەخنەیان لێگرت و هەندێكیش دەستخۆشییان لێكرد. دالیا دەڵێت "مەرج بوو بەجلی ژێرەوە دەربكەوم".