'Godzilla x Kong' بە ژمارەیەکی گەورە دێتە نێو پێشبڕکێی فیلمەکانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Godzilla x Kong" بەناوی "Godzilla x Kong: The New Empire" دەستپێکێکی بەهێزی لە پێشبڕکێی هەفتانەی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا هەبوو، داهاتی سێ رۆژی 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە کەمێک لە داهاتی بەشی دووەمی زنجیرەی فیلمی "Dune" کەمترە کە 81.5 ملیۆن دۆلارە و وەک خاوەن زۆرترین داهاتی لە یەکەم هەفتە لە ئەمریکای باکوور لە 2024ـدا ناسێندراوە.
پێشبینی دەکرا "Godzilla x Kong: The New Empire" بڕی 50 ملیۆن دۆلار لە یەکەم هەفتەدا بەدەستبێنیت، بەڵام ئەو پێشبینییە تێپەڕاند و توانی لە سێ هەزار و 861 هۆڵی سینەمای ئەمریکا و کەندا، ئەو داهاتە زۆرە بەدەستبێنێت.
هەفتەی رابردوو "Ghostbusters: Frozen Empire" لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا بوو، لەم هەفتەیەدا بە کۆکردنەوەی 15.7 ملیۆن دۆلار، لە ریزبەندی دووەمدا هات و کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا 73.4 ملیۆن دۆلارە.
"Dune: Part Two" توانی بەرگری لە ریزبەندی سێیەمدا بکات و پێنج هەفتەیە لە لیستەکەدا کێبڕکێ دەکات، داهاتی ئەم هەفتەیەی 11.1 ملیۆن دۆلارە، کۆی داهاتی لە ماوەی پێنج هەفتەدا 252.4 ملیۆن دۆلارە.
داهاتی فیلمی "Godzilla vs. Kong" لە 2021 هاوشێوەی بەشە نوێیەکەی نەبوو، لە یەکەم هەفتەدا توانی 48.5 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، بەڵام لە هەمانکاتتدا ئەمە ژمارەیەکی گەورە بوو، چونکە ئەوکاتە بوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببووەوە و بینەرانی فیلم کەمتر روویان لە سینەما دەکرد.
فیلمی "Godzilla" کە لە 2014 بڵاوکرایەوە، داهاتی یەکەم هەفتەی 93.2 ملیۆن دۆلار بوو.
"Kung Fu Panda 4" بە کۆکردنەوەی 10.2 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی چوارەمدا و "Immaculate" بە کۆکردنەوەی 3.3 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی پێنجەمدا دێن.