ماهیر ئەمین کلیپی "بە دواما مەگەڕێ" بڵاوکردەوە


رووداو- هەولێر 
 
ماهیر ئەمین، هونەرمەندی ناوداری کورد نوێترین ڤیدیۆکلیپی خۆی بەناوی "بە دواما مەگەڕێ" بڵاوکردەوە.


لەمبارییەوە هونەرمەند ماهیر ئەمین بەرووداوی راگەیاند " ئەم ڤیدیۆکلیپە دەمێکە ئامادەیە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیم بە کۆنسێرتەکانی نەورۆز جەژنەکانی ئادار بڵاونەکرایەوە، بۆیە ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی بڵاومان کردەوە".

ماهیر ئەمین دەربارەی ناوەڕۆکی گۆرانییەکە گوتی "ئەم گۆرانییە لە تێکستی دلاوەر قەرەداغی و رەوشت رەشیدە، هۆگر عەزیز و خۆم کاری دابەشکردنی میوزیکمان بۆ ئەنجامداوە، بەڵام رەوشت رەشید ئاوازی گۆرانییەکەی داناوە، هاوکات زیرەک ئەمین لە ستۆدیۆی سۆلۆ کاری تۆمارکردنی دەنگی بۆ کردووەو کاری ماستەرینگ بەهجەت نەجات ئەنجامیداوە، دەهێنەری گەنج دانەر هاوار کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە".

ماهیر دەشڵێت" کاری هونەریم یەکجار زۆرە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرو هاوکاری هەموو کارەکان وەستاون، هیوادارم ئەم ڤیدیۆکلیپە دەرگای هەبوونی سپۆنسەری بەسەر کارەکانمدا بکاتەوە".