'Dream' دوورکەوتنەوە لە وڵات و نەهاتنەدی خەونەکانە لە وڵاتی دووەم
رووداو دیجیتاڵ
'Dream' کورتە فیلمێکی ئەنیمەیشنە لە نووسین و دەرهێنانی سنۆبەر ئاڤانی، خانمە دەرهێنەری کورد و باس لە جەنگ و جێهێشتنی وڵات و پەنابەری دەکات، بۆ بەدیهێنانی خەونەکان لە وڵاتی دووەم، بەڵام مەرج نییە وڵاتی دووەم ببێتە وەڵامدەرەوەی خەونەکان.
سنۆبەر ئاڤانی، خەڵکی ھەولێری باشووری کوردستانە و لە دانیمارک دەژی، بە نووسینی چیرۆک و فیلمی ئەنیمەیشن ناسراوە و لەبارەی مژاری جەنگ لە فیلمەکانیدا لێھاتووە، لەبارەی ئەم بەرهەمە نوێیەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'Dream' باس لە منداڵێک دەکات کە بەهۆی جەنگەوە وڵاتەکەی جێدەهێڵێت، خەونی زۆری هەیە، بۆیە روودەکاتە ئەوروپا، دواتر بۆی دەردەکەوێت، لەوێش کە دەبێتە وڵاتی دووەمی، خەونە زۆرەکانی بەدی ناهێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە باس لە پەنابەری دەکات، کە بەهۆی شێوە و رەنگ و کولتوورەوە، رێگری لە بەدیهێنانی خەونەکان لە وڵاتی دووەم دەکرێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ سوور بێت لەسەر بەدیهێنانی، دەتوانێت بە خەونەکانی بگات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشاندانی تایبەتی ئەنیمەیشنەکەی لە 12ـی ئایاری 2023 لە کۆپنهاگنی دانیمارک بەڕێوەدەچێت و ماوەکەی 15 خولەکە و دواتر بۆ فێستیڤاڵە سینەماییەکان دەنێردرێت.
ئەو دەرهێنەرە کوردە لە تشرینی یەکەمی 2023، بۆ ئامادەکاری بۆ فیلمێک سەردانی هەولێری کرد کە چیرۆکێکی ریالیتی ھەیە و بەشێوەیەکی ئارت بەرھەم دەھێندرێت.
فیلمەکە بەناوی 'Ice Cold Fire'یە و چیرۆکی لەبارەی ھەولێر و حەوت ھونەرمەندی ئەو شارەیە کە بەھۆی شەڕەوە کوردستانیان جێھێشتووە، بەڵام لە رێگەی قاچاخ بەھۆی بەفرەوە ھەر حەوتیان گیان لەدەستدەدەن.
'Lulu DotAway'، 'Three Fools'، ' Fra alle os til os alle sammen' و 'Dare Gang' و بەشێک لە بەرهەمە سینەماییەکانی سنۆبەر ئاڤانین کە براوەی چەندین خەڵاتن لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا.