گۆرانییەک بە دەنگی ماملێ و عەتا چاوشین بڵاودەکرێتەوە

رووداو - سلێمانی

گۆرانییەکی فۆلکلۆریی کوردی بە دەنگی هەردوو هونەرمەندی کورد محەممەد ماملێ و عەتا چاوشین لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە.

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا، رۆژنامەڤانی بواری هونەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە لە ئەرشیفی هونەرمەند عەتا چاوشینە و کاتی خۆی بەوی داوە و بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێتەوە.

ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژەی بە ئەوەش کرد، عەتا چاوشین ئەو ماوەیەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە ئەم بەرهەمەی لە 1986 لە ماڵی محەممەد ماملێ لە مهاباد تۆمارکردووە.

بە گوتەی عەبدولغەفار عەبدوڵڵا، هونەرمەند عەتا چاوشین ئەرشیفێکی زۆری هونەرمەندانی پاراستووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکیان بڵاودەکرێنەوە.

عەتا چاوشین لە 1961 لە سلێمانی لە دایک بووە، ماوەیەک لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە و لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، یەکەم گۆرانیی بە ناوی "هۆ غەریب مەڕۆ" بڵاوکردەوە و جگە لە گۆرانی، بەستە، مەقام و بەندی گوتووە.

ئەو هونەرمەندە کوردە کتێبێکی شیعریی بە ناوی "کێ راسپێرم؟" لە 2003 بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە شیعرەکان لەلایەن هونەرمەندان کراونەتە گۆرانی.

چاوشین لە 17 حوزەیرانی 2020 تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و رۆژی دووشەممە 22 حوزەیرانی 2020 لە تەمەنی 59 ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.