داهێنەری 'Squid Game': بەشێک لە کارەکتەرە گرنگەکانی زنجیرەکە لە ئیلۆن مەسک دەچن
رووداو دیجیتاڵ
هوانگ دۆنگ-هیوک، داهێنەری زنجیرە درامای بەناوبانگی کۆری "Squid Game"، رایگەیاند، لە کاتی نووسینی زنجیرەکەدا بۆی دەرکەوتووە کارەکتەرە گرنگەکانی نێو چیرۆکەکە "هاوشێوەی"، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکین.
لە زنجیرەکەدا، ژمارەیەک کارەکتەری گرنگی دەمامکدار هەن کە سەیری یارییە کوشندەکانی "Squid Game" دەکەن، ئەوان کەسانی دەوڵەمەندن کە پارە بۆ یارییەکە دابین دەکەن، لە نزیکەوە چاودێریی رکابەرییەکان دەکەن و گرەو لەسەر بەشداربووان دەکەن. سەرەڕای ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا نەکراون، بەڵام بە زمانی ئینگلیزی قسە لەگەڵ یەکدی دەکەن، نەوەک کۆری.
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم"، هوانگ دۆنگ-هیوک دانی بەوەدا ناوە کە لێکچوونێک لەنێوان ئەو کارەکتەرانە و ئیلۆن مەسکدا دۆزیوەتەوە، کە خاوەنداریەتی کۆمپانیاکانی وەک تێسلا، سپەیس ئێکس و ئێکس دەکات.
گوتیشی: "ئیلۆن مەسک ئەم رۆژانە لە هەموو شوێنێکە، وانییە؟ هەمووان باسی دەکەن. ئەو تەنیا سەرۆکی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی تەکنەلۆجی نییە کە لە کۆنترۆڵی جیهان نزیکە، بەڵکو نمایشکارێکی داهێنەرە. دوای نووسینی وەرزی سێیەم، بیرم لەوە کردەوە کە بەشێک لە کارەکتەرە دیارەکان لە ئیلۆن مەسک دەچن".
لی یۆنگ – جای، ئەکتەری سەرەکیی زنجیرەکەیە و وەرزی سێیەمی بەناونیشانی "Squid Game 3" لە 27ـی حوزەیرانی 2025 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە.
"Squid Game" زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی کۆریای باشوورە، لە وەرزی یەکەمی لی یۆنگ – جای، پارک های – سو و وی ها – جۆن رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە، بەهۆی ئەوە دەنگدانەوەی هەیبوو، دوو وەرزی دیکەی بەرهەمهێنرا و بڕیارە وەرزی سێیەمی؛ دوایین وەرزی بێت.
چیرۆکی زنجیرەکە باس لە بەشداریی 456 کەس لە یارییەکدا دەکات بۆ بردنەوەی 38 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەڵام کاتێک لە یارییەکەدا بەشدار دەبن بۆیان دەردەکەوێت تەنیا یەک براوە هەیە و ئەوانی دیکە کەسیان بە زیندوویی نامێنێتەوە، لە وەرزی سێیەمیشدا درێژە بە یارییە مەترسیدارەکە دەدرێت کە لە بنەڕەتدا لە یارییەکی منداڵان وەرگیراوە و لە راستیدا مردن چاوەڕێی بەشداربووان دەکات و تەنیا یەک براوە هەیە.
چیرۆکی ئەم بەرهەمە لە یارییەکی منداڵانی کۆریایی وەرگیراوە و بە هەمان ناوی یارییەکە کراوە.