سەركردایەتی حیزبەكەی دارمیندرا باسی كورد دەكات

رووداو- هەولێر

ئەكتەری ناوداری هیندی دارمیندرا دەڵێت دۆزی كورد جێی بایەخی حیزبەكەیەتی و لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبەكەیدا باسی كێشەی گەلی كوردیان كردووە.

لە هەشتەكان و نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا، فیلمە هیندییەكان لەلای هاووڵاتیانی كوردستان جێی بایەخ بوون و بە تامەزرۆوە سەیریان دەكردن، بۆیە هیچ كەسێك نییە سەیری فیلمی هیندی كردبێ‌ و ئەكتەرێكی وەكو دارمیندرا دیۆل نەناسێ كە زۆربەی كورد بە دارامەندەر ناوی دەهێنن.
دارمیندرا كە لە نێو كورد زیاتر بەهۆی فیلمی شوعلە ناسراوە، ئێستا یەكێكە لە كاربەدەستانی حیزبی بەهاراتا جەناتا (پارتی گەلی هیندی) و ماوەی چەند ساڵێكیش ئەندامی پەرلەمان بووە لەسەر لیستی ئەو حیزبە.

لە حیزبەكەی دارمیندرا چۆن باسی كورد كراوە؟

دارمیندرا لە هەڤپەیڤینێكی تەلەفۆنیی كورتدا لەگەڵ (رووداو) رایگەیاند كە سەرەتای ئەم مانگە سەركردایەتی سیاسی حیزبەكەیان كۆبوونەتەوە و تاوتوێی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان كردووە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی كوردیشیان كردووە.

دارمیندرا گوتی "لە كۆبوونەوەكەدا باسی كێشەی گەلی كوردمان كرد لە كوردستانی عێراق".
دارمیندرا لە 8ی كانوونی دووەمی ساڵی 1935 لە ویلایەتی بنجاب لەدایك بووە. ساڵی 1960 لە رێگەی بەشداریكردنی لە فیلمی (Dil Bhi Tera Hum Bhi Tere) تێكەڵ بە جیهانی سینەما بوو. زۆربەی ئەو فیلمانەی بەشداریی تێدا كردوون، فیلمی ئەكشنن، بۆیە لە هیندستان بە پاشای فیلمە ئەكشنەكان ناسراوە.

دارمیندرا دوو ژنی هەیە، پاركەر كاور كە لە ساڵی 1954 هێناویەتی و چوار منداڵی لێی هەیە. ژنی دووەمیشی، هیما مالینیە كە ئەكتەرە و ساڵی 1980 هێناویەتی و دوو منداڵی لێی هەیە. دوو لە منداڵەكانی بۆبی و سەنی، ئێستا دوو لە ئەكتەرە دیارەكانی هیندستانن.

سەرەتای ئەم مانگە ژنی دووەمی دارمیندرا تووشی رووداوێكی سەختی هاتوچۆ بوو. رووداوەكە لە ناوچەی دۆسا كە 50 كیلۆمەتر لە شاری جایپوور دوورە، روویدا پاش ئەوەی هیما مالینی بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری مارسیدس خۆی بە ئۆتۆمبلێكی جۆری مەهیندرادا كێشا، بەو هۆیەشەوە چوار لە سەرنشینەكانی ئۆتۆمبێلی بەرامبەر گیانیان لەدەستدا و كچێكی پێنج ساڵانیش بریندار بوو، هیماش سەر و لووت و قاچێكی شكا.

هیما مالینی، ئەندامی پەرلەمانی هیندستانە لەسەر لیستی حیزبەكەی دارمیندرا. بۆیە دوای رووداوەكە دەنگۆیەك لە نێو خەڵك بڵاوبووەوە كە نەیارانی پارتی نیشتیمانی هیندی بە نهێنی دەستكاری ئۆتۆمبێلەكەی هیمایان كردووە. بەڵام دارمیندرا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و گوتی "ئەوەی روویداوە رووداوێكی ئاسایی ئۆتومبێل بووە. ئێمە هیچ كەس و لایەنێك تۆمەتبار ناكەین".

دارمیندرا كە بە هەلیكۆپتەرێك گەیشتبووە شوێنی رووداوەكە، گوتی "كاتێك رووداوی پێكدادانی ئۆتۆمبێلەكەی هیما مالینم بیست، مردم و ژیامەوە، زۆر زەحمەتە بەرگەی مەرگی ئەوان بگرم، تەنانەت لە فیلمەكانیش حەز ناكەم منداڵەكانم یان ژنەكەم بمرێت".

دارمیندرا ئەو رووداوەی بەسەر ژنەكەی هاتووە بە رووداوێكی نێو فیلمەكانی وەسف دەكات و دەڵێت "خێزانەكەی من نەك هەر لە فیلم، بەڵكو ژیانی راستەقینەشمان بووەتە فیلم و خۆمان پاڵەوانی فیلمەكانین".

یەكێك لە سكرتێرەكانی دارمیندرا كە لەگەڵی چووەتە شوێنی رووداوەكە، بە (رووداو)ی گوت "دارمیندرا لە نێو فڕۆكە پڕ بە گەرووی هاواری دەكرد، كاتێك بینی هیما زیندووە، ئیدی كەمێك هێور بووەوە".

سیاسەت دووری خستووەتەوە

دارمیندرا بەشداری لە 280 فیلمدا كردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتە لە بواری سینەمادا، بەڵام دوای ئەوەی تێكەڵی سیاسەت بوو، وردە وردە لە سینەما دووركەوتەوە.

لەوبارەوە دەڵێت "بەداخەوە كاری سیاسی زۆر كاتی بۆ كارە هونەرییەكانم نەهێشتووەتەوە و كاتم كەمە. وەكو ئەمیتاب باچچانیشم نەكرد كە لە سیاسەت دوور بكەومەوە، ئەمیتاب كاتێك بڕیاری دا لە سیاسەت دووربكەوێتەوەو تەنیا كاری هونەری بكات، بڕیارێكی دروستی دا.

دارمیندرا لەگەڵ ئەمیتاب جگە لەوەی لە ساڵی 1975 پێكەوە بەشدارییان لە فیلمی شوعلەدا كردووە، هاوڕێی نزیكی یەكدین، هەروەها هەردووكیشیان لە ناوچەی جوهوی شاری مۆمبای نیشتەجێن و دراوسێی یەكدین.

ئەمیتاب لەسەر داوای خێزانەكەی گاندی، چووە نێو حیزبی كۆنگرەی نیشتمانی هیندی (INC). دارمیندرا باسی كاری حیزبی خۆی و ئەمیتاب دەكات و دەڵێت "ئێمە چەندین ساڵە لە دوو حیزبی جیا كاردەكەین، هەردوو حیزب ركابەری یەكدین، بەڵام ئەمە قەت كاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان من و ئەمیتاب نەبووە، من هەمیشە ئەوم بە برا گەورەی خۆم داناوە، زۆریشم خۆشدەوێت".