ریزبەندی فیلمەکانی بۆکس ئۆفیس لە ئەمریکای باکوور

رووداو - هەولێر   

فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمەریکای باکوور دیاریکران، کە هەفتانە داهاتیان لە سینەماکانی ئەمەریکا و کەنەدا ئاشکرا دەکرێن، بۆ هەفتەی سێیەم بەسەریەکەوە فیلمی "ستریت ئۆتا کۆمتن" لە پلەی یەکەمی لیستەکەدا هات.


"ستریت ئۆتا کۆمتن" بە کۆکردنەوەی 13 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری ئەمریکی کە لە هۆڵە سینەماییەکاندا بەدەستیهێناوە، لە پلە یەکی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا هات.

لەم فیلمە سینەماییەدا ئۆشیە جاکسۆن، کۆڕی هۆکنیز و جیسۆن میچڵ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و گاری گری کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

فیلمی درامایی "وۆر رووم" کە لەم هەفتەیەدا هاتە نێو پێشبڕکێکەوە، بە کۆکردنەوەی 11 ملیۆن دۆلار، لە پلەی دووەمی لیستەکەدا هات.

فیلمی ئاکشن "ئیمپۆسیبڵ میشن" کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە پلەی یەک و دووی لیستەکەدا بوو، بۆ ئەم هەفتەیە بەرەو پلەی سێیەم دابەزی و داهاتی 8 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە.  

فیلمی "نۆ ئیسکەیپ" کە فیلمێکی نوێی ئەکشنە، بە کۆکردنەوەی 8 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەمی لیستەکەدا هات. 

فیلمی سینەمایی "سێنستەر 2" کە پڕیەتی لە دیمەنی ترسناک، بە کۆکردنەوەی 4 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار، لە پلەی سێیەمەوە بەرەو پلەی پێنجەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکان دابەزی.

هەفتانە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی هۆلیوود، لەڕێگە فرۆشی پلیت لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمەریکا و کەنەدا، داهاتیان لە ئەمەریکای باکووردا ئاشکرا دەکرێن.