(Zootopia 2) بازاڕی سینەمای چین دەهەژێنێت


رووداو دیجیتاڵ

بەشی دووەمی ئەنیمەیشنی (Zootopia)ـی کۆمپانیای دیزنی، سەرەتایەکی بەهێز و مێژوویی لە سینەماکانی چین تۆمارکرد، لە ماوەی پشووەکانی کۆتایی هەفتەدا، داهاتەکەی 272 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە پێنج رۆژی یەکەمی نمایشکردنیدا، فیلمەکە 272 ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسی چین کۆکردووەتەوە. ئەم ژمارەیە بە دووەم گەورەترین دەستپێکی فیلمێکی ئەمەریکی لە مێژووی چین دادەنرێت، کە تەنیا لە دوای فیلمی (Avengers: Endgame) دێت کە پێشتر 330.5 ملیۆن دۆلاری تۆمار کردبوو، هەروەها دەبێتە یەکەم ئەنیمەیشنی ئەمریکا ئەو داهاتە زۆرە لە یەکەم هەفتەیەدا لە چین بەدەستبێنێت. 
 
ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بووەتە مایەی ئومێد بۆ بەرهەمهێنەرانی هۆڵیوود، کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی حەزی بینەری چینی و ئاڕاستەکردنیان بەرەو فیلمە ناوخۆییەکان، تووشی بێهیوایی ببوون.
 
پێگەی (Maoyan)ـی چینی بۆ هەڵسەنگاندنی فیلمەکان، نمرەی بەرزی 9.7ـی بە فیلمەکە داوە و پێشبینی دەکات کۆی داهاتی فیلمەکە لە چین بگاتە نزیکەی 590 ملیۆن دۆلار (4.2 ملیار یوانی چینی). ئەمەش لە کاتێکدایە دووەم پڕداهاتترین فیلمی ئەمەریکی لە ساڵی 2024 لە چین، فیلمی (Jurassic World: Rebirth) بوو کە کۆی داهاتەکەی تەنیا 79 ملیۆن دۆلار بوو.
 
دیزنی بە وردی کار لەسەر بازاڕی چین دەکات؛ ساڵی 2023 یەکەم ناوچەی تایبەت بە (زوتۆپیا)ـی لە دیزنی لاندی شەنگەهای کردەوە و پریمێری جیهانیی فیلمەکەشی هەر لەوێ ئەنجامدا. 
 
چیرۆکی فیلمەکە کە باسی گەیشتن بە خەونەکان لە شارە گەورەکاندا دەکات، پێگەیەکی تایبەتی لەلای گەنجانی چین هەیە.
 
چاوەڕوان دەکرێت ساڵی 2025 فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی جەیمس کامیرۆن ببێتە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی گەورە بۆ هۆڵیوود لە بازاڕی چیندا.
 
سەرکەوتنی (Zootopia 2) دەرخەری رەهەندێکی قوڵی ململانێی ئابووری و کولتووریی نێوان پەکین و واشنتنە.
 
لە دەیەی رابردوودا، چین گەورەترین بازاڕی دەرەکی بووە بۆ فیلمە ئەمەریکییەکان و هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی فیلمەکان قازانجی خەیاڵی بکەن، بەڵام لە پێنج ساڵی رابردوودا هاوکێشەکە گۆڕاوە، ئەویش بەهۆی بەهێزبوونی سینەمای ناوخۆیی چین. پارتی کۆمۆنیستی چین بە مەبەست کار لەسەر بەهێزکردنی هەستی نیشتمانی خەڵکەکەی دەکات لە رێگەی سینەماوە. 
فیلمە ناوخۆییەکانی چین کە بودجەی گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێت، توانیویانە شوێنی فیلمە ئەمەریکییەکان بگرنەوە و بینەر بەرەو چیرۆکە چینییەکان رابکێشن.
 

لەلایەکی دیکەوە، چین ساڵانە تەنیا رێگە بە پێشاندانی چەند فیلمێکی ئەمریکی لە وڵاتەکەی دەدات، لە کاتی گرژییە سیاسییەکانی نێوانان، رێکارەکان بۆ پێشاندانی فیلمە ئەمەریکییەکان لە وڵاتەکەی؛ تووندتر دەکات.
 
داهاتی (Zootopia 2) ئەوەی سەلماند کە سەرەڕای بانگەشە سیاسییەکان و بەهێزبوونی سینەمای ناوخۆیی چین، هێشتا بینەری چینی ئارەزووی بەرهەمە کواڵێتی بەرزەکانی هۆڵیوودی دەکات.