هەڤاڵ ئیبراهیم بۆ رووداو: 12 گۆرانیی نوێم ئامادەیە
رووداو - هەولێر
یەكێكە لە هونەرمەندە گەنجەكانی شاری دهۆك، بەڵام هەرزوو لە شارەكانی دیكەی باشووری كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ناسرا. خاوەنی چەندین ئەلبوومی گۆرانی و كلیپە، ئێستا لە گەڕەكێكی شاری هەولێر ستۆدیۆیەكی دامەزراندووە و هەر لەوێش دەژی، جگە لە كاری میوزیك و گۆرانی بۆ خۆی، كار بۆ هونەرمەندانی دیكەش دەكات، هەڤاڵ ئیبراهیم هونەرمەندی گەنج وەڵامی چەند پرسیارێكی (رووداو) دەداتەوە.
رووداو: ماوەیەكی زۆرە بەرهەمی نوێت نییە، سەری ساڵ گۆرانییەكی سۆرانیت بڵاوكردەوە، كەی بەرهەمی دیكە بڵاودەكەیتەوە؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: راستە، ئەو گۆرانییە سۆرانییەی لە سەری ساڵدا بڵاومكردەوە گۆرانییەكی تایبەت بوو، ویستم لە ساڵی نوێ پێشكەشی بكەم، راستییەكەی زیاتر لە 12 گۆرانیی دیكەم ئامادەیە، واتە ئەلبوومێكی گۆرانی، بەنیازم هەر ئەمساڵ بڵاویان بكەمەوە.
رووداو: كەواتە ئەمساڵ گوێمان لە 12 گۆرانیی نێوی هەڤاڵ ئیبراهیم دەبێ؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: دڵنیا نیم كە 12 گۆرانییەكە دەكەم بە ئەلبوومێك یان نا، چونكە خۆت دەزانی بارودۆخی كوردستان چۆنە، بڵاوكردنەوەی ئەلبوومی گۆرانی لەم كاتەدا زۆر قورسە. هەوڵ دەدەم و حەز دەكەم بیكەم بە ئەلبوومێكی گۆرانی، ئەگەر دەرفەت نەبوو ئەو كاتە گۆرانییەكان بە سینگڵ بڵاودەكەمەوە.
رووداو: لە رابردوودا گۆرانی عەرەبیت گوتووە، لە ئەلبوومەكەتدا گۆرانیی عەرەبی دەبێت؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: ئەوە ئەزموونێك بوو لە رابردوودا، ویستم گۆرانیی عەرەبیشم هەبێت، بەڵام ئەم ئەلبوومەی ئامادەیە تەنیا لە گۆرانی كوردی پێكهاتووە.
رووداو: زۆر باسی دەستپێكردنی ژیانی هاوسەرگیریت دەكرێت، لە رابردووشدا وا بڵاوبووەوە كە بە نهێنی هاوسەرگیریت كردووە، ئەوە راست بوو؟ ئەگەر نەتكردووە، لە بەرنامەتدا نییە؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: (بەپێكەنینەوە) ئەوە راست نەبوو، نەخێر هاوسەرگیریم نەكردووە. سەبارەت بە كاتی پێكهێنانی خێزانیش ئەوە قسمەت و نسیبە، كەس نازانێ بەیانی چی روودەدات.
رووداو: پلانت هەیە گۆرانیی هاوبەش (دوێت) لەگەڵ هیچ هونەرمەندێك بڵێی؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: ئێستا راستییەكەی هیچ پلانێكم نییە، بەڵام بۆ داهاتوو ئەگەر پڕۆژە و بەرهەمی جوان هاتە پێشەوە بۆ نا، زۆر حەز دەكەم كاری جوان پێشكەش بە هەوادارانم بكەم.
رووداو: رۆژانە كاتەكانت بە چی بەسەر دەبەی؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: رۆژانە لە ستۆدیۆكەم زۆربەی كات خەریكی كاری میوزیك و گۆرانیم، ئاواز دادەنێم و تۆماریان دەكەم، زۆربەی كات لە ستۆدیۆدام لەگەڵ گیتارەكەم.
رووداو: لە ستۆدیۆكەت تەنیا كار بۆ خۆت دەكەیت؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: نەخێر، جگە لە كارە هونەرییەكانی خۆم، كار بۆ هونەرمەندانی دیكەش دەكەم، لە رووی دانانی ئاواز و دابەشكردنی میوزیك و تۆماركردنەوە. واتە دەیان هونەرمەندی دیكە كارەكانیان لە ستۆدیۆكەی مندا ئامادە دەكەن.
رووداو: لەگەڵ وەرزشدا نێوانت چۆنە؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: هەموو رۆژێك كاژێرێك یان دوو كاژێر وەرزش دەكەم، هەم بۆ تەندروستیم هەم بۆ پاراستنی لەشم، بەبێ وەرزشكردن ناتوانم.
رووداو: لە رابردوودا گۆرانییەكت تۆمار كرد بەناوی "شەهید". بەنیازنیت گۆرانیی دیكەی نەتەوەیی تۆمار بكەی؟
هەڤاڵ ئیبراهیم: گۆرانی شەهید لە ناخمەوە بۆ هەموو شەهید و پێشمەرگە قارەمانەكانم گوت. هیوادارم لە ئاستی گەورەیی پێشمەرگەكانی كوردستان بێت، ئێمە هەمیشە قەرزاری پێشمەرگەین، گۆرانی نەتەوەیی ئەركی هەموو هونەرمەندێكە و پێویستە هونەرمەندان هەمیشە كاری نەتەوەییان لەبیر بێ.