پێشانگەیەکی کاری دەستی لە مۆسکۆ کرایەوە


رووداو-رووسیا 
 
ئەوانەی لەم پێشەنگایەدا ئامادەبوونە بۆ ئەوەی بەرهەمی کاری دەستی خۆیان نمایش بکەن، بەشێکیان خەڵکی رووسیان و هەندێکیشیان لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکاو تورکیاوە هاتوون، تاوەکو بەهرەو تواناکانی خۆیان نیشانی خەڵکی بدەن.

 
هەڵبەتە ئەو پێشانگایە لەلایەک بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیانی هونەرمەندانە، کە ئێستا خەڵکێکی زۆر خواستی لەسەر کڕینی ئەو کەل و پەلانەی هەیە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە پێشانگاکە پێشبڕکێیەکە بۆ تواناکانیان و بەهرەکانیان.

ئێلیا، سەرپەرشتیاری پێشانگا لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند"بەشێوەیەکی سەرەکی ئەوەی نمایشکراون بەرهەمی ئافرەتە دەستڕەنگینەکانن، کە تواناکانی خۆیان بەگەڕخستووە لەبواری کاری دەستی، ئەوان بەدەستەکانیان بەرهەمی جیاواز دروست دەکەن، ئەوەی ئەمڕۆ لێرە نمایشیان کردووە، پیشاندانی زیرەکیی و لێهاتوویی خۆیانە بۆ دروستکردنی جوانترین دیاری، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوان وەکو بازرگانیکردنە".

بۆ ئەوەی کڕیاران دڵنیا بن لەوەی، کە ئەو بەرهەمانە کاری دەستین، بەشێکی ئەو کەل و پەلانە هەر لەناو پێشانگاکەدا بەبەرچاوی کڕیارانەوە دروست دەکرێن.
 
یەڤگینیا، بەهرەمەندێکی دروستکردنی ئەنگوستیلەیە لەبارەی کارەکەی خۆیەوە بە رووداوی راگەیاند "بۆ ئەوەی بتوانم ئەنگوستیلەیەک دروست بکەم پێویستم بەهەموو ئەو شتانەیە، کە لەدەوروبەری خۆم دامناون، هەروەها پێویستیم بە ماددەی خامە، من کەل و پەلی زۆر سادە بەکاردێنم بۆ نموونە ئەو پارچە تەختانە و ئامێری وشککەرەوە بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا بتوانم ئەنگوستیلەیەک لەو دارە دروستبکەم".

ئەو کارە دەستیانەی لەم پێشانگایەدا نمایشکرابوون جۆراو جۆرن، وەکو کەل و پەلی ناوماڵ، خشڵی ئافرەتان، بابەتەکانی جوانکاریی، رازاندنەوەی ماڵ و فەرشی نەخشێندراو  چەندین کەل وپەلی دیکە.

سڤێتلانە، وەستایەکی لێهاتووی کاری دەستییە لەبارەی کارەکانی خۆییەوە دەڵیت"کارەکانی من بیرۆکەی خۆمن، هەروەها دەستکردی خۆمن، بە بیرو هزری خۆم نەخشەکانی سەر ئەو بەرهەمانەم دروست کردووە، خۆم خاوەنی هەموو بیرۆکەکانم، پێموایە کە بیرۆکەکەم لەگەڵ ئەو کەل وپەلانەدا گونجاوە".

ساڵانە لە مۆسکۆ دووجار پێشانگای کاری دەستی دەکرێتەوە، ئەمساڵیش زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیاو ناوەندی بەرهەمێنانی کاری دەستی بەشداریان لەم پێشەنگایەدا کردبوو.